زووم..
سیامەند عەلی، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت، هەر جارێک هەسەدە رەزامەندی لەسەر مەرجەکانی تورکیا دەردەبڕێت، تورکیا مەرجی نوێ دەهێنێتە گفتوگۆکانەوە و ئاگربەست پێشێل دەکات.
سیامەند عەلی لە بەرنامەی زوومی ئێمە گوتیشی، تورکیا ئەندامبوونی خۆی لە ناتۆ بۆ هێرشکردنە سەر رۆژاڤا قۆستووەتەوە، چونکە دەزانێت ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان وەڵامی سەربازییان بەرامبەر ئۆپراسیۆنەکانی لە سوریا و رۆژاڤای کوردستان نابێت.
ئەمڕۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، تورکیا ئەو ئاگربەستەی شکاندووە کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات و لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هێرشیان بۆ سەر بەندای تشرین لە کۆبانێ دەستپێکردووە.
کەمێک لەمەوبەر روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین، 21 چەکداری هێزەکانی سەر بە تورکیا کوژراون.
ئاژانسی هاوار لەبارەی شەڕەکەوە دەڵێت، شەڕڤانان هێرشێکی گروپە چەکدارەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین تێکشکاند و ئۆپراسیۆنی پاککردنەوەی دەوروبەری بەنداوی تشرین ئەنجام دەدەن.
لەمیانی بەرنامەکە، رەنج ئازاد لە گوتەبێژی یەپەگەی پرسی، “ئامانجی تورکیا لە رۆژاڤا چییە؟”، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ئامانجی تورکیا قڕکردنی گەلی کوردە، تورکیا خۆی گوتوویەتی ئەگەر قەوارەیەکی کوردی لە ئەفریقاش هەبێت لەناوی دەبەین.