زووم:
تاهیر ئەلچى، پارێزەرى ناسراوى کورد و سەرۆکى ژوورى پارێزەرانى ئامەد، لە رۆژێکى وەکو ئەمڕۆدا لەکاتى چالاکییەکدا دژى شەڕى ناوخۆى باکورى کوردستان و تورکیا، لە ناوچەى سورى ئامەد تیرۆرکرا.
لەکاتى رووداوەکەدا کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسى رێکخستبوو دژى شەڕى ناوخۆى باکورى کوردستان
رۆژى 28ی تشرینی دووەمی 2015، لەکاتێکدا تاهیر ئەلچى کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسى لەبارەی شەڕی ناوخۆی باکوری کوردستان رێکخستبوو کە بە شەڕى خەندەقەکان ناسراوە، گرژیی و ئاڵۆزیى لەنێوان پۆلیس و گەنجانی لایەنگری پارتى کرێکارانى کوردستان دروستبوو، لە ئەنجامدا تاهیر ئەلچى لەبەردەم منارەی “چوارلنگ” لە ناوچەی سوری ئامەد تیرۆرکرا.
داود ئۆغلۆ: تەنها ئەلچى نەکراوەتە ئامانج، هەموو تورکیا کراوەتە ئامانج
تاھیر ئەلچی، کەسایەتییەکى دیارى باکورى کوردستان بوو، تیرۆرکردنەکەى کاردانەوەى زۆرى لە ئاستى ناوخۆ و دەرەوەى تورکیادا لێکەوتەوە، ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆکوەزیرانى ئەوکاتى تورکیا، لەکاتى رووداوەکەدا رایگەیاند، “تەنها ئەلچى نەکراوەتە ئامانج، بەڵکو هەموو تورکیا کراوەتە ئامانج”.
ئەلچی: ناتوانم بڵێم پارتى کرێکارانى کوردستان رێکخراوێکی تیرۆریستییە
تاھیر ئەلچی چەند جارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستگیرکراوە و تۆمەتى پڕوپاگەندە و هاوکارییکردنى پەکەکەى دراوەتە پاڵ، دوایین دەستگیرکردنى نزیکەى مانگ پێش تیرۆرکردنى بوو، لەبەرئەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا گوتبووى، “ناتوانم بڵێم پارتى کرێکارانى کوردستان رێکخراوێکی تیرۆریستییە”.
هەر ماوەیەک پێش رووداوى تیرۆرکردنى، تاهیر ئەلچى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “جۆناسان رەگمان” پەیامنێری کەناڵ 4ی بەریتانی گوتبووی، “ھەڕەشەی کوشتنی لێکراوە”.
تائێستا دۆسییەى تیرۆرکردنەکەى لە دادگا یەکلانەکراوەتەوە
پاش حەوت ساڵ، تائێستا دۆسییەى تیرۆرکردنى تاهیر ئەلچى لە دادگا یەکلانەکراوەتەوە و تیمى پارێزەرانى دۆسییەکە لە ئامەدى باکورى کوردستان دەڵێن، “هەوڵ دەدرێت، تاوانەکە پەردەپۆش بکرێت”.
لە دۆسیەى تیرۆرکردنى ئەلچیدا چوار کەس دادگایی دەکرێن کە سیانیان پۆلیسن، بەڵام کەسوکارەکەى و پارێزەران رەخنەى ئەوە دەگرن، کە دۆسیەکە ناچێتە پێشەوە و رێگەنادرێت بکوژانى بە سزاى خۆیان بگەن.