زووم..
دواى دوو مانگ دابەشکردنى مووچە لە هەرێمى کوردستان دەستیپێکردووە و فەرمانبەران و خانەنشینان مووچەى مانگى 10 وەردەگرن، بەغداد بەشێکى مووچەى مانگى 11ـشى ناردووە، بەڵام چارەنووسى مووچەى مانگى 12 هێشتا نادیارە.
هەرێمى کوردستان دەتوانێت پێش سەرى ساڵ دوو مووچە دابەشبکات
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم هەرێمى کوردستان دەتوانێت پێش سەرى ساڵ دوو مووچە دابەشبکات، مووچەى سێیەمیش دەتوانێت دابەشبکات بە مەرجێک وەزارەتى دارایی بتوانێت داواکارییەکانى بەغداد جێبەجێ بکات کە پێداچوونەوە و وردبینییە لە خەرجی و لیستی مووچەدا.
وەزارەتى دارایی عێراق لە یەکى ئەم مانگە 761 ملیار دینارى بۆ مووچەى مانگى 10 نارد، بەڵام بە پاساوى کورتهێنان دواى دوو هەفتە دابەشکردنى مووچە دەستیپێکرد، بڕیارە 430 ملیار دینارى دیکە بنێرێت کە بەشێکى بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچەى مانگى 10 و بەشەکەى دیکە بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچەى مانگى 11ـیە.
دوێنێ وەزارەتى دارایی گەیشتنى گوژمەى یەکەمى مووچەى مانگى 11ـەشى راگەیاند کە 631 ملیار دینارە، ئەوەش هێشتا نزیکەى 130 ملیار دینارى کەمترە لەو بڕەى کە بۆ مووچەى مانگى 11 تەرخانکراوە، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانى ئایندەدا بەغداد هەم کورتهێنانى مووچەى مانگەکانى 10 و 11 و هەم گوژمەى دووەمى مووچەى مانگى 11 بنێرێت.
رێکارەکان تەواوبن پێش سەرى ساڵ مووچەکە دەنێرێت
هەرچى پەیوەستە بە مووچەى مانگى 12ـە وەزارەتى دارایی عێراق بڕیاریداوە هاوشێوەى مانگەکانى 10 و 11 بڕى 760 ملیار دینار بۆ مووچەى مانگى 12 بنێرێت، بەڵام ئەمە پێویستى بە کۆمەڵێک رێکارى کارگێڕیی و دارایی هەیە ئەگەر رێکارەکان تەواوبن پێش سەرى ساڵ مووچەکە دەنێرێت و بە پێچەوانەوە دەکەوێتە مانگى داهاتوو.
لە کۆبوونەوەی یەکشەممەی رابردووی نێوان شاندی هەرێم و بەغداد، بڕیاردرا شاندێکى تەکنیکى لە وەزارەتى دارایی عێراق سەردانى وەزارەتى دارایی هەرێم بکەن بۆئەوەی میزان موراجەعەی هەرێم رێکبخەنەوە بەوجۆرەی تەیف سامی وەزیری دارایی داوای کردووە.
وەزارەتی دارایی عێراق سێ شارەزای ناردووە و دوو رۆژە لە هەولێرن
وەزارەتی دارایی عێراق سێ شارەزای ناردووە و دوو رۆژە لە هەولێرن و مۆڵەتی تەنها هەشت رۆژیان هەیە و دەبێت تاوەکو دووشەممەی داهاتوو ئەو جەدوەلەی تەیف سامی داوای کردووە بگاتە بەغداد، لەم حاڵەتەدا مووچەی مانگی 12 دەنێرێت.
هیچ بەڵێنێک نەدراوە بۆ تەواوبوونى کارەکان لە ماوەى دیاریکراودا
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى زووم، چەندین تیمی جیاواز ئامادەکراوە و سەرقاڵی ئەو کارەن، دەبێت حساباتی هەموو فەرمانگەکانی هەرێمى کوردستان هەبێت، هەوڵی تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم دەتوانێت هۆکاربێت بۆ زوو دابەشکردن و درەنگکەوتنی مووچەی مانگی 12، بەڵام هیچ بەڵێنێک نەدراوە بۆ تەواوبوونى کارەکان لە ماوەى دیاریکراودا.
لە حاڵەتێکدا ئەگەر رێکارەکانیش تەواوبن، بەڵام هێشتا ناردنى مووچەى مانگى 12 بەربەستى لە بەردەمدایە و بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانەکەى دەبێت ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق بەگوێرەی مادەی 60ـى یاساى بودجە، خەرجی زیادە بۆ هەرێم بنێرێت، چونکە چیدیکە وەزارەتی دارایی ناتوانێت گواستنەوە لە بودجەی وەبەرهێنان و خەرجی بکات بۆ مووچە و کورتهێنانەکەی پێ پڕبکاتەوە.