زووم..
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ئیدارەی راپەڕین توانیویانە دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر بکەن و دەستیش بەسەر 35 لیتر لە مادەی هۆشبەر بگرن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، شەوی رابردوو لە ناحیەی ژاراوە دوای رووبەڕووبونەوەی چەکداری توانیویانە دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر بکەن.
دەشڵێت، دەستیان بەسەر دوو دەبەی 35 لیتری ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەسید دا گرتووە، کە تۆمەتباران بەنیازبوون بیگوازنەوە بۆ هەولێر.
لە کۆتایشدا بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاندووە، کە تۆمەتباران بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان دەکرێت.