زووم..
هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، تورکیا و گروپە چەکدارەکان، ئاگربەستیان شکاندووە و لە هێرشەکانیان بەردەوامن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هەسەدە، چەکدارانی سەر بە تورکیا لە سێ لاوە بە پاڵپشتی فرۆکەی بێفرۆکەوانی تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی بەنداوی تشرین، بەڵام هێرشەکەیان تێکشکێندراوە.
دەشڵێت، شەوی رابردوو فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا سێ جار ناوچەی پردی قەرەقۆزاق و گوندی پیرحەسۆیان لە باشووری کۆبانی بۆردومان کردووە و لە عەین عیساش ئۆتۆمبیلێک بە ئامانج گیراوە.
هێزەکانیان توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی لە جۆری بەیرەقدار تی بی دوو بخەنەخوارەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیاندا هەسەدە ئاماژە بەوەدەکات ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە تورکیا و گرووپەکان هێرشیان کردۆتەوە سەر ناوچەکانی بەنداوی تشرین و دەیانەوێت سود لە ئاگربەست وەربگرن، بەڵام هێزەکانیان لە ئامادە باشیدان و بەرگری لە تەواوی ناوچەکان دەکەن.