زووم..
سەرچاوەیەک لەنێو کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى ناوەرۆکەکەى بۆ زووم ئاشکرادەکات و دەڵێت، قوباد تاڵەبانى گوتى، ناچمەوە حکومەت و داواى سەرۆکى هەرێمى کوردستانى کردووە.
دوێنێ لە پیرمام شاندى دانوستانکارى پارتى و یەکێتى دووەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، دواى کۆبوونەوەکە لە راگەیەنراوێکدا باسیان لەوەکرد گفتوگۆیان لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت کردووە بەبێ ئەوەى هیچ وردەکارییەک بخەنەڕوو.
زووم لە سەرچاوەیەکى نێو کۆبوونەوەکەوە زانیاریی دەستکەوتووە، یەکێتى چەند پێشنیازێکى داوە بە شاندى پارتى و داوایکردووە پۆستەکانى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکوەزیران دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت و سەرەتا پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ یەکێتى بێت، لە بەرامبەردا پارتى داواى پۆستى سەرۆککۆمارى کردووە.
هەروەها شاندى پارتى بە یەکێتییان گوتووە، مەسرور بارزانى قبوڵى نییە قوباد تاڵەبانى جێگرى بێت، قوباد تاڵەبانى گوتویەتى من خۆشم نیازى ئەوەم نییە بچمە نێو حکومەت و دەمانەوێت دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ببێت بە جێگرى سەرۆکوەزیران.
سەرچاوەیەکە باسى لەوەشکرد، قوباد تاڵەبانى گوتویەتى سەرۆکى پەرلەمانمان ناوێت و لە ئێستاوە خۆتان کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیارى بکەن، یەکێتى داواى ئەوەشى کردووە هیچ لایەنێکى دیکە لە حکومەت بەشدار نەبێت.
لە کۆتاییدا هەردوولا رێککەوتن بگەڕێنەوە بۆ سەرکردایەتى خۆیان و لەڕێی لیژنەیەکەوە داواکارییەکان بخەنەڕوو.