زووم..
میدیا عەرەبییەکان رایانگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق دوای ١٠ رۆژ لە راوەستانی، دەستیان پێکردەوە.
رۆژی ٨ـی ئەم مانگە کاتێک گرووپە چەکدارەکان دیمەشقیان کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا، بەهۆی تێکچوونی دۆخی سوریاوە، تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە هەڵوەشێنرانەوە و زیانی زۆریش بەر فڕۆکەخانەکە کەوت.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە، بە دەستپێکردنەوەی گەشتە نێوخۆییەکانی، فڕۆکەخانەی دیمەشق کەوتەوە کار و بڕیارە دوای دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی گەشتەکان، گەشتە نێودەوڵەتییەکانیش دەسپێبکەنەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەنیس فەلوح، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق باسی لەوەکردبوو لەسەدا ٩٠ـی بەشەکانی فڕۆکەخانەکە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی دیمەشدا، زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام دوای چاکردنەوە و بەگەڕخستنەوەی تەواوی بەشەکان، گەشتە ئاسمانییەکانیان، بە گەشتی نێوخۆیی، دەستپێدەکەنەوە.