زووم..
راوێژکارێکى دارایى سودانى دەڵێت، عێراق توانیویەتى زۆربەى قەرزە دەرەکییەکانى بداتەوە، تەنیا نۆ ملیار دۆلارى لەسەر ماوە، تاوەکو ساڵى ٢٠٢٨ ئەو بڕەش دەداتەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکارى دارایى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى گوتووە، عێراق لە مەترسى قەرزى دەرەکى رزگاری بووە، تەنیا نۆ ملیار دۆلارى ماوە بیداتەوە، لە بودجەى گشتیى فیدراڵى پارە بۆ دانەوەى ئەو قەرزانەش تەرخان دەکرێت و تا ساڵى ٢٠٢٨ هەموو قەرزەکان دەدرێتەوە، لەدواى ئەوە عێراق لەبرى وڵاتێکى قەرزکەر دەتوانێت ببێتە وڵاتێکى قەرزدەر.
گوتووشیەتى، دانەوەى ئەو بڕە قەرزەى ماوە، بارگرانى لەسەر دەوڵەت دروست ناکات، لەبەرئەوەى ئەو بڕە پارەیەى ساڵانە بۆ دانەوەى قەرزەکان تەرخان دەکرێت، لەسەدا پێنجى تێکڕاى بەرهەمى ناوخۆیى پێکدەهێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: قەرزە دەرەکییەکانی عێراق بۆ لە ٪٥٠ کەمی کردوە و گەیشتووەتە ٩ ملیار دۆلار.