زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
12 هەزار یاسای ئێران لە 52 یاسادا کۆدەکرێنەوە
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە ئاماژەدان بە کەموکورتییەکانی بواری یاسایی لە ئێران، گوتی، ئێمە کێشەی پێکهاتەیی و کاراییمان لە یاساداناندا هەیە و بۆ چارەسەرکردنی پێویستە یاساکان کورت و پوخت بکرێن.
پرۆژەیەک دانراوە کە ئامانج لێی گۆڕین و کەمکردنەوەی یاساکانی ئێرانە بۆ 52 یاسای هەمەلایەنە؛ بۆ نموونە پێویستە هەموو یاساکانی تەندروستی لە یەک کۆمەڵەدا بڵاوبکرێنەوە.
قالیباف هیوای خواست کە بەم پڕۆژەیە ژمارەی گشتیی یاساکانی ئێران لە 12 هەزارەوە بۆ سێ هەزار کەم بکرێتەوە.
خوب
داخستنی بانکەکان گورزێکی گەورەی لە ئابووریی ئێران داوە
لە چەند رۆژی رابردوودا داخستنی فەرمانگە و بانکەکان لە پارێزگاکان و بە تایبەت تاران بە هۆی سەرما و کێشەی دابینکردنی وزە، رەخنەی چالاکانی ئابووریی بەدوای خۆیدا هێناوە.
داخستنی بانکەکان بەشێکی زۆری چالاکییە ئابوورییەکانی راگرتووە و کێشەی پێدانی مووچەی کرێکاران و دەستەبەرکردنی نەختینەیی بۆ کاروبارەکان دوو هێندە کردووە، بەتایبەتی لە رۆژانی کۆتایی مانگدا.
بە گوتەی شارەزایان، هەر رۆژێک کە بانکەکان دادەخرێن، نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی ئێران دەگەیەنێت و ئەم دۆخەش لەگەڵ پچڕانی کارەبا و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان، کەرتی تایبەتی ئیفلیج کردووە.
مەردوم سالاری
لە پارێزگای سنە زیاتر لە 12 هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشن
پارێزگاری سنە رایگەیاند، 12300 خوێندکاری ئەو پارێزگایە لە خوێندن بێبەشن و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەو ژمارەیە بۆ کەمترین ئاست کەم بکرێتەوە.
ئارەش لهۆنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پەروەردەی پارێزگاکاندا جەختی کردەوە کە ئەم ژمارەیە زۆر بەرزە و داوای کرد پلان و بودجەی دروست دابنرێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی وازهێنان لە خوێندن و پێویستە رێوشوێنی بەپەلە لەو بارەوە بگیرێتەبەر.
باختەر
گرانی شەوی یەڵدای کرماشانییەکانی تاڵ کردووە
لە سەروبەندی شەوی یەڵدا، بازاڕی کرماشان تووشی ئاستەنگی ئابووریی بووەتەوە و بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، جموجووڵێکی تایبەت لە بازاڕی شەوی یەڵدادا نییە.
نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و خەڵکێکی زۆر بەهۆی هەڵاوسانەوە ناتوانن خواردنی تایبەت بۆ ئەم شەوە بکڕن.
بۆ ئاهەنگێکی سادەی هەشت کەسی، خێزانەکان دەبێت نزیکەی 40 دۆلار خەرج بکەن بۆ کڕینی میوە و شیرینی و چەرەسات کە ئەمە لە حاڵێکدایە مووچەی مانگانەی خەڵک نزیکەی 250 دۆلارە و خەڵک گلەیی لە ناسەقامگیری نرخەکان دەکەن.
لەم دۆخەدا هەرچەندە هێشتا خەڵک هەوڵی پاراستنی رێوڕەسمی کۆنی شەوی یەڵدا دەدەن، بەڵام فشارە داراییەکان شیرینی ئەم شەوەی بۆ زۆر کەس تاڵ کردووە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
گەشتە ئاسمانییەکانی سوریا دەستپێدەکاتەوە
ئامادەکارییەکان بۆدەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی شام کراوە، وابریارە یەکەم گەشت لەنێوان شام بۆ حەلەب ئەنجام بدرێت.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەى یەنی شەفەق بەڕێوەبەری گشتیی گەشتە ئاسمانییەکانی سوریا رایگەیاندووە، دەمانەوێت یەکەم گەشتمان بۆ تورکیا ئەنجام بدەین. راشیگەیاندووە، لە سەرتاسەری وڵات گەشتە ئاسمانییەکانمان بە هاوکاری تورکیا دەستپێدەکەینەوە.
قەرار
تاکسی و پاسەکان کامێرای چاودێریان بۆ دادەنرێت
بەهۆی زۆربونی رووداوەکانی کوشتن یان هێرش کردنەسەر شۆفێرانی تاکسی و پاس لەلایەن سەرنشینەوە. حکومەتى تورکیا بەفەرمی داوادەکات تەواوی تاکسی و پاسەکان کامێرای چاودێری دابنێن.
بڕیارەکەى حکومەت بە فەرمی لە رۆژنامەکاندا بڵاوکراوەتەوە، بەگوێرەى بڕیارەکە تاکوو یەکی مارسی 2025 ئەو تاکسی و پاسانەى کامێرای چاودێری نەبەستن لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە سزای دارایی دەدرێن.
میللییەت
جەهەپە: ئەردۆغان لە سوریا بەدوای دەستکەوتی سیاسییەوەیە
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند،هەڵوێستی حکومەتى تورکیا لە هەمبەر رووداوەکانی سوریا تەنها بۆ ئەوەیە ئەردۆغان وەک سەرکردەیەکی سەرکەوتوو لە دۆسیەى سویا نیشان بدەن.
لەکاتێکدا ئەردۆغان لە هەڵبژاردنى 31 ى مارس گورزێکی کوشندەى بەرکەوت و شکستیهێنا.
ئۆزال دەشڵێت، ئەردۆغان دەیەوێت لە دۆسیەى سوریادا وەک سەرکردەیەکی سەرکەوتوو خۆی نیشانبدات، بەڵام لە راستیدا ئەو سیاسییەکی شکستخواردووە.
یەنی ئاکیت
ئێشکگری دایکانی ئامەد بەردەواممە
ئێشکگری دایکانی ئامەد لە بەردەم بارەگای پێشووی هەدەپە لە پارێزگاکە بەردەواممە. ئەم دایکانە پێشتر مناڵەکانیان چونەتە نێو ریزەکانی پەکەکەوە و داوادەکەن مناڵەکانیان بگەڕێنەوە بۆ نێو خانەوادەکانیان.
دایکان بە وێنەى مناڵەکانیان شەو و رۆژ لە ئێشکگری بەردەوامن.
سەرەڕای ئەوەی نزیکەى 10 ساڵە ئەو دایکانە لە ئێشکگرییان بەڵام تائێستا مناڵەکانیان نەگەڕاونەتەوە بۆ نێو خانەوادەکانیان و هیچ لایەنێکیش هاوکاریان نەکردوون.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
وەزیرى سەرچاوەئاوییەکانى عێراق: کۆتایی ئەم مانگە بارانى بەلێزمە دەبارێت
وەزیری سەرچاوەئاوییەکانى عێراق دەڵێت، کۆتایی ئەم مانگە بارانى بەخوڕ لە سەرتاسەری عێراق دەبارێت.
عەون زیاب بە رۆژنامەى سەباحی گوتوە، بارانى بە خوڕ و لێزمە سەرتاسەری ناوچە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکانى عێراق دەگرێتەوە و دەبێتە پشتیوانییەکى باش بۆ گلدانەوەى ئاو لە بەست و بەنداوەکان.
شەرقلئەوسەت
جەنجاڵی شاندەکان لە دیمەشق و مەترسیی لە ئۆپراسیۆنەکانى تورکیا
دیمەشقی پایتەختى سوریا، جەنجاڵی و پێشوازیی شاندە ئیقلیمى و جیهانییەکان بەخۆیەوە دەبینێت، بۆ ئەوەى لەگەڵ ئیدارەى نوێی سوریا سەبارەت بە داهاتووی ئەو وڵاتە گفتوگۆ و تاوتوێی بارودۆخ و هەلومەرجی ئێستای سوریا بکەن.
لەم نێوەندەشدا کۆدەنگیی هەیە هۆشداریی بدرێتە تورکیا لە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن و پەلاماردانى کۆبانێ.
قودسی عەرەبی
دڕندەیی ئەسەد هەڵماڵدرا؛ راپۆرتێک گۆڕێکی بەکۆمەڵی 100 هەزارکەسی ئاشکرادەکات
سەرۆکی رێکخراوی سوریا بۆ مافەکانى مرۆڤ، کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، لە راپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات، گۆڕێکى بەکۆمەڵ لە دەوروبەرى دیمەشق دۆزراوەتەوە زیاتر لە 100 هەزار کەسی تێدایە.
مەعاز مستەفا، بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە ناوچەى قەتیفە دۆزراوەتەوە، ناوچەکە 40 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە و یەکێکە لەو پێنج گۆڕە بەکۆمەڵەى تاکو ئێستا ئاشکراکراوە.
عەرەب
ئەمریکا فشار لە سودانى دەکات حەشدى شەعبی هەڵوەشێنێتەوە
ئەمریکا هەوڵدەدات زۆرترین سوود لە شکستی حزبوڵای لوبنان و روخانی رژێمەکەى بەشار ئەسەد وەربگرێت، بۆ فشارخستنە سەر حکومەتەکەى محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانى حىشدى شەعبی، کە خراوەتە ژێر چەتری حکومەت و هێزە فەرمییەکانەوە.
ئەوەش بۆ ئەوەیە گورزێکی توند لە بوون و هەژموونى ئێران لە عێراق بدات.
هەروەک چۆن حەشدی شەعبی بە فەتوای باڵاترین دەسەڵاتی شیعە لە عێراق، عەلی سیستانی پێکهێنرا، هەڵوەشاندنەوەشی پێویستی بە فەتوایەکی نوێ هەیە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئیندپێندەنت
“ئێستا کاتی ئەوەیە پشتیوانیی بۆ ئۆکراین دوو هێندە بکرێت”
سێر کەیر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، پەردەی لەسەر ئەو پلانانە هەڵماڵی کە بۆ رێکخستنەوەی برێکسیت، یان دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، داینابوون. پلانەکان وەک پاکێجێکی بەرگریین لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا کە داوا لە یەکێتییەکە دەکات لەو رووەوە هەماهەنگیی زیاتر لەنێوانیاندا هەبێت. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا و ئەگەری پاشگەزبوونەوەی لە پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکراین.
ئۆرشەلیم پۆست
پێدەچێت مانگێکی دیکە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان لە غەزە بکرێت
بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە گەیشتنە رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان کراوە، رەنگە لە ماوەی مانگێکی دیکەدا رێککەوتنەکە بکرێت.
دوو سەرچاوەی باڵا بە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئسیرائیلییان راگەیاندووە، لە ئێستاشدا برێت مەکگۆرک، هەماهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و ئادەم بۆیڵەر، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە ناوچەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنەکە لە گفتوگۆدان.
عەرەب نیوز
لە ماوەیەکی نزیکدا یەک ملیۆن ئاوارەی سوریی دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پێشبینی دەکات لەماوەیەکی نزیکدا و لە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوودا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی سوریا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
رێما جامووس، بەرپرسی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ئەم گۆڕانکاریانەی لەمدواییەدا روویانداوە هیوای گەورەی بۆ درووست کردووین بۆ چارەسەریی گەورەترین قەیرانی مرۆیی لەسەر هەسارەکەمان. گووتیشی، گۆڕانی رژێمەکە مانای کۆتایی هاتنی قەیرانەکە نییە. داواشی لەو وڵاتانە کرد کە باوەشیان بۆ پەنابەرەکانی سوریا کردووەتەوە بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکە.