ئەمشەو ئاهەنگى زەبێست لە قەتەر بەڕێوەدەچێت و بێجگە لە دیاریکردنى باشترین یاریزان چەندین خەڵاتى دیکە دەبەخشرێن.
یەکێتى تۆپى پێى جیهان ئاشکرایکرد، ئەمشەو کاتژمێر هەشت لە ئەکادیمیاى بەناوبانگى ئەسپایەر لە دەوحەى پایتەختى قەتەر ئاهەنگى نۆیەمین خەڵاتەکانى زەبێست ئەنجام دەدرێت.
فیفا روونیکردووەتەوە، بە دەنگدانى هاندەران و کاپتن و راهێنەران و راگەیاندنکاران براوەکانى زەبێستى ٢٠٢٤ دیاردەکرێن، کە بریتین لە باشترین یاریزان و گۆڵچى و راهێنەرن و باشترین پێکهاتە لەسەر هەردوو ئاستى کوڕان و کچان، بێجگە لە چەندین خەڵاتى دیکە.
پاڵێوراوەکان بۆ بردنەوەى خەڵاتى باشترین یاریزان بریتین لە، کارڤاخال و هالاند و ڤاڵڤێردى و ڤێرتز و بێلینگهام و ئێمباپێ و یامال و مێسى و رۆدرى و کروس و ڤینیسیۆس.
هەریەکە لە ئەنچیلۆتى و سکالۆنى و دى لا فیۆنتى و گواردیۆلا و ئەلۆنسۆش کێبڕکێ لەسەر خەڵاتى باشترین راهێنەر دەکەن.