زووم..
شاندی یەکێتی و پارتی لە پیرمام کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بەرنامەیەکی هاوبەش ئامادە بکرێت بۆ حکومڕانیی کوردستان لە قۆناغی ئایندەدا.
یەکێتی و پارتی دەشڵێن، گفتوگۆ لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت کراوە و هەردوولاش کۆکبوون لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستى لە پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان.
پێشتر زووم لە چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکرد، بڕیاربەدەستانی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتوویانە پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران لای پارتی دەمێنێتەوە، یەکێتی نابێت نە داوای بکات نە لە کۆبوونەوەکاندا باسی بکات.
زووم لە چەند سەرچاوەیەکەوە زانیویەتی یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دە بووە، یەکێتی رازی بووە سەرۆکوەزیران بۆ پارتی بە دیاریکراوی بۆ مەسرور بارزانی بێت، بەڵام لەبەرامبەردا داوای وەزیری ناوخۆی کردووە.
یەکێتی لە جگە وەزارەتی ناوخۆ، وەرگرتنی وەزارەتەکانی شارەوانی، دارایی و ئابووری، سامانە سروشتییەکان و دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە بە مەرج بۆ بەشداریکردن لە حکومەت.
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەکەى پارتى و یەکێتى مەسرور بارزانی لە رۆژی ئاڵای كوردستاندا، رایگەیاند، پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان جیاوازییەکانیان بخەنە لاوە و حکومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز دروست بکەن.