زووم..
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داکۆکی لەسەر بەردەوامبوونی پشتگیریی هاوپەیمانان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەکاتەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وهزیری پێشمهرگه، لەگەڵ جهنهراڵ كێڤن لێيهى، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا کۆبووەوە و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنييان لە عێراق و سوریا تاوتوێ كرد.
دەشڵێت، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعشدا، جهختيان له پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگيی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كردهوه.
نێچيرڤان بارزانى، داكۆكى لەسەر گرنگيی بەردەوامبونی پشتگیريی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی بۆ عێراق کردووەتەوە، هاوکات ستایشی هەماهەنگیی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان لە روبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان کردووە و هاوکاريی بەردەوامى نێوان لایەنەکانى به کلیلی بەهێزکردنی ئاسایش لە عێراق لهقهڵهمداوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان پابەندیی هێزەکانی هاوپەیمانانى بۆ بەردەواميی پشتگیری له عێراق و ههرێمى كوردستان دووپاتكردووەتەوه بۆ پاراستنى ئارامى و سەقامگیری و نههێشتنى مهترسى و ههڕهشهكانى داعش.