زووم..
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پیرمام لە کۆبوونەوەدان.
زوومی هەولێر دەڵێت، شاندەکەی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی دوای گەشتنیان بە پیرمام، لەگەڵ شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری دەستیان بە کۆبوونەوە کردووە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی لەوبارەی کۆبوونەوەکە بە زوومی گوت. پێکهێنانی کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆخی سوریا و رۆژاڤا تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی زووم، بڕیاربەدەستانی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتوویانە پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران لای پارتی دەمێنێتەوە، یەکێتی نابێت نە داوای بکات نە لە کۆبوونەوەکاندا باسی بکات.
زووم لە چەند سەرچاوەیەکەوە زانیویەتی، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیە، یەکێتی رازی بووە سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و بەدیاریکراوی بۆ مەسرور بارزانی بێت، بەڵام لە بەرامبەردا داوای وەزیری ناوخۆی کردووە.
یەکێتی لە جگە وەزارەتی ناوخۆ، وەرگرتنی وەزارەتەکانی شارەوانی، دارایی و ئابووری، سامانە سروشتییەکان و دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە بە مەرج بۆ بەشداریکردن لە حکومەت.