زووم..
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی رایگەیاند، تورکیا ئامادەکاری دەکات لە کۆبانێوە ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژاڤا دەستپێبکات.
ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمریکا بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، تورکیا و هاوپەیمانانی بەدرێژایی سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ رۆژئاڤا کۆبوونەتەوە، رەنگە ئەنقەرە بیەوێت دەست بە ئۆپراسیۆنی سەربازی لە رووبەرێکی بەرفراوانی ئەو ناوچانە بکات کە لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤان و لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن.
بەگوێرەی زانیاری ئەو بەرپرسانە، ئەو هێزانەی تورکیا کۆیکردووەتەوە پێکهاتوون لە سەربازانی گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی کۆماندۆی تورکیا، بە ژمارەیەک زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە لە نزیک شاری کۆبانێ کۆبوونەتەوە و ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا رەنگە لە هەر کاتێکدا دەستپێبکات.
رۆژنامەکە دەڵێت، پێدەچێت کۆبوونەوەی ئەمجارەی هێزەکانی تورکیا هاوشێوەی ئەو جوڵە سەربازییانە بێت کە لە ساڵی 2019 بۆ داگیرکردنی رۆژاڤا دەستیپێکرد، یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکانیش دەڵێت، سەرنجیان لەسەر دۆخەکەیە.