زووم..
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیدەکاتەوە ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد سەرۆکی رژێمی سوریا لەنێو خاکی عێراق بێت.
کەناڵی حەدەس لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ماهیر ئەسەد برای بەشار ئەسەد، لە سلێمانییە و میوانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد دەکەن لەنێو خاکی عێراق، هەڵە و ناڕاستە.
میقداد میری داواش لە میدیاکان دەکات ورد بن و بەوریاییەوە هەواڵ لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە بگوازنەوە.
دوای چەند کاتژمێرێک، کەناڵی حەدەس لە هەواڵێکى دیکەدا لە زارى سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ماهر ئەسەد و عەلی مەملوک، بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی سوریا لە چیای قەندیل لەسەر سنوری سوریا و عێراق خۆیان حەشارداوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی رژێمی بەشار ئەسەد لە رۆژی 8ـی ئەم مانگەدا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە ماهیر ئەسەد هاتبێتە خاکی عێراقەوە، بەڵام هەر ئەوکات حکومەتی عێراق رەتیکردەوە.