زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
تێچووی سزاکان لە تێچووی شەڕ زیاترە
گەمارۆ ئابوورییەکان لە ساڵی 2011ەوە بە توندی بەسەر ئابووریی ئێراندا سەپێنراون و کاریگەریی بەرفراوانی لەسەر گەشەی ئابووری، بژێوی خەڵک و پێکهاتەی بەرهەمهێنان هەبووە. تێچووی هەر ساڵێک سزا زیاترە بووە لە ساڵ و نیوێک شەڕ.
لەو کاتەوە گەمارۆکان زیانی قورسیان بە ئابووری ئێران گەیاندووە کە یەکسانە بە دوو ترلیۆن دۆلار. ئەم ژمارەیە لە تێچووی شەڕی ئێران و عێراق زیاترە و ساڵانە بە تێکڕا 115 ملیار دۆلار بەرهەمی ناوخۆیی ئێرانی کەمکردووەتەوە.
هەروەها داهاتی ساڵانەی تاک بە تێکڕا 1200 دۆلار کەمیکردووە، ئەمەش بە واتای دابەزینی راستەوخۆی خۆشگوزەرانی خەڵک دێت.
ئەبرار
کێشە ژینگەییەکانی ئێران دەرەنجامی سیاسەتی هەڵەی حکومەتن
شینا ئەنساری سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت، کێشە ژینگەییەکانی ئێران دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەیە لەلایەن حکومەتەوە.
ئەنساری بە ئاماژەدان بە بەکارهێنانی نادروستی سامانە سروشتییەکان و بەکارهێنانی شتانی پیسکەر و خراپ ئاماژەی بەوەدا کە ئەم خراپ بەکارهێنانە بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی ژینگەیی.
رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سروشت و پشتگوێخستنی پێداویستییەکانی بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی کێشەی قەرەبوو نەکراوە و چیتر سروشت ناتوانێت ئەو هەموو سەرچاوەیە دابین بکات و ئەو هەموو پیساییە پاک بکاتەوە.
ئەنساری پێشنیاری کردووە هونەرمەندان زمانی هونەر بەکاربهێنن بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک بەرەو کێشە ژینگەییەکان و چارەسەرکردنیان.
مەردوم سالاری
تاریکیی رێگاوبانەکان رووداوی هاتووچۆی لە تاران زۆرتر کردووە
پچڕانی کارەبا لەسەر رێگاوبانەکانی تاران بووەتە هۆی زیادبوونی رووداوی هاتووچۆی سەخت و ترافیک لە پایتەختی ئێران.
مستەفا زەینیوەند، بەرپرسی ئیدارەی رووداوەکانی پۆلیسی هاتوچۆی تاران دەڵێت، کوژاندنەوەی ترافیک لایت و رووناکایی شەقامەکان لە شەودا، جگە لە بەرزکردنەوەی ئاژاوەی هاتوچۆ، دەبێتە هۆی زیادبوونی رووداوە کوشندەکان و زیانی دارایی و مرۆیی.
%57ـی رووداوە کوشندەکانی تاران لە کاتژمێرەکانی تاریکیدا روودەدەن و نەبوونی رووناکی شەقامەکان کە مافی سەرەتایی هاوڵاتیانە، هۆکارێکی سەرەکییە.
ئاگاهـــ
پەرەپێدانی کێڵگەکانی سەوزە چارەسەرێکە بۆ کەم ئاوی لە ئێراندا
لە ئێستادا کۆی رووبەری کێڵگەکانی سەوزە لە ئێراندا 27 هەزار هێکتارە، کە بە گوێرەی بەڵگەنامەی پلانی ئابووری پێویستە بگاتە 48 هەزار هێکتار. پەرەپێدانی کێڵگەکانی سەوزە یەکێکە لە رێگاکانی دەربازبوون لە قەیرانی کەمیی ئاو.
بە گەیشتن بە پلانی دیاریکراو بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی سەوزە، بەکارهێنانی ئاو لە 25 ملیار مەتر سێجا کەم دەبێتەوە بۆ5 ملیار و بەرهەمی کشتووکاڵ چەند هێندە زیاد دەکات.
ئەم پلانە لە ساڵی 2015 دەستی پێکردووە و ئامانجی بەرهەمهێنانی 10 ملیۆن تۆن بەرهەمی کێڵگەکانی سەوزە تا ساڵی 2025.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ترەمپ دەڵێت رەنگە سیاسەتی بەکارهێنانی مووشەک لالەیەن ئۆکراینەوە پێچەوانە بکاتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دەڵێت رەنگە سیاسەتی رێگەپێدانی وڵاتەکەی بە ئۆکراین بۆ بەکارهێنانی مووشەکی ئەمریکی لەناو خاکی روسیا پێچەوانە بکاتەوە.
ترەمپ پێی وایە رێگەپێدانی بەکارهێنانی مووشەکەکانیان بۆ بەئامانجگرتنی پێگەی دیاریکراو لەناو خاکی روسیادا هەڵەیەکی گەورە بوو. گوتیشی، دەبوو بە لە چەند هەفتەیەک لە دەستبەکاربوونم لەسەر ئەو بابەتە پرسێکیان پێم بکردایە چونکە من پێم وایە ئەوە کارێکی زۆر ’گەمژانە’ بووە.
تايمز
سەرۆکی نوێی سوريا بەڵێن دەدات چیدیکە وڵاتەکەی نابێتە بنکەی گرووپە چەکدارەکان
ئەحمەد شەرع ، فەرماندەی گشتی ئیدارەی نوێی سوریا، کە هەفتەی رابردوو کۆتایی بە رژێمەکەی بەشار ئەسەد هێنا. دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە هیچ گرووپ و تاقمێک نادات خاکی سوریا بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و هیچ وڵاێکی دیکە.
لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە دیمەشق، ئەحمەد شەرع داوای لە وڵاتانی رۆژئاواکرد ئەو سزایانە هەڵگرن کە لەسەردەمی حوکمی بەشار ئەسەددا بەسەر سوریادا سەپاندبوویان.
گوتیشی، دەبێت ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشەکانی بهێنێت و لەو ناوچانە بکشێتەوە کە لەدوای رووخانی ئەسەد داگیری کردوون و ناوچەی ئارامی لێ درووست کردوون.
عەرەب نيوز
ئەڵمانیا داوا لە ئیسرائیل دەکات واز لە فراوانکردنی کۆمەڵگای جۆلان بهێنێت
ئەڵمانیا داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەرداریی ئەو پلانە بێت کە ژمارەی دانیشتووانی بەرزاییەکانی جۆلان لە باشووری سوریا دووهێندە بکات.
گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەوە زۆر روونە کە ئەو ناوچەیەی ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە لە بنەڕەتدا خاکی سوریایە، بۆیە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئیسرائیل هێزێکی داگیرکەرە.
ئەم گووتانە دوای ئەوە دێت کەحکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، پلانی هەیە ناوچەی جۆلان فراوانتر بکات و وەک ناوچەیەکی ئارام بیناسێنێت. بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هێرشی لە ناوچەکەدا بۆسەر خاکی سوریا ئەنجامداوە.
ئۆرشەلیم پۆست
کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل هێشتا لەبارەی رێککەوتنی بارمتەکانەوە بەرچاو روون نییە
وەزیرانی کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل هێشتا لەبارەی وردەکارییەکانی رککەوتننامەی ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماس بەرچاویان روون نییە.
دوای ئەوەی شاندێکی ئیسرائیل سەردانی قەتەریان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێککەوتنکە، وەزیرانی کابینەکە بەنیازبوون گفتوگۆی رێککەوتنبکەن بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارەی وردەکارییەکانییەوە پێنەگەیشت. لەگەڵ ئەوەشدا چەند سەرچاوەیەک دەڵێن هەندێک بەرەوپێشچوون لە پرسەکەدا هەیە و بۆشاییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەسەر پرسی ئازادکردنی بارمتەکان کەمبووەتەوە، کە ژنان، کەسانی نەخۆش و سەروو 50 ساڵ دەگرێتەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بۆ ئاسیایی کردنەوەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریاى نوێ ئەوروپیەکان مەرجیان هەیە
دواى گۆڕانکارییەکانى سوریا، یەکێک لە مژارەکانى بەردەم ئەوروپییەکان چۆنیەتى مامەڵەکردنیانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى سوریاى نوێدا.
دواى کۆبوونەوەى ژمارەیەک لە وەزیرانى دەرەوەى یەکێتى لە ئەوروپا لە برۆکسل وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەى لوتکە کە وابڕیارە، لە 19ـى کانوونى یەکەم بەڕێوە بچێت، یەکێک لە کارە گرنگەکانیان دانانى نەخشە رێگە و بەرنامەیەکی گشتگیرە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە نوێیەدا.
وەک رۆژنامەکە ئاماژەى پێکردووە خاڵێک کە هەر لە ئێستاوە لەسەری کۆکن ئەوەیە هەڵوێستى تاک لایەنەیان نەبێت و هەمووان پێکەوە یەکجۆرە مامەڵە بکەن، بەڵام وەک وەزیرانى دەرەوە ئاماژەیان پێکردووە، شەش دۆسیەى گرنگ لە سوریادا هەیە دەبێت لە کۆبوونەوەى لوتکەدا بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆکان ئەوانیش بریتین لە: پاراستنى یەکپارچەیی خاکی سوریا، سوریاى نوێ نوێنەرایەتى سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانى بکات، رێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤ، رێزگرتن لە مافەکانى ژنان، دژایەتیکردنى تیرۆر و دوورکەوتنەوە لە توندڕەویی. رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە وەزیرانى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا کۆک بوون لەسەرە ئەوەى براوەى راستەقینە لە گۆڕانکارییەکانى سوریادا تورکیا و ئیسرائیل بووە و دۆڕاوی سەرەکیش ئێران و روسیا.
سەباح
لە ساڵی نوێدا بیست و یەک پێشانگاى نێودەوڵەتى لە عێراق دەکرێنەوە
محەمەد حەنون گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانى عێراق رایگەیاند، پلانیان داناوە لە ساڵی داهاتوودا 21 پێشانگاى نێودەوڵەتى بە بەشداریی 63 کۆمپانیاى گەورە لە عێراق بکرێنەوە کە 15 یان لە بەغدادى پایتەخت و شەشەکەى تریان لە پارێزگاکانى بەسرە، نەجەف و میسان دەبن، حەنون راشیگەیاند، پێشانگاکان لە بوارەکانى پیشەسازیی بەرگریی، پیشەسازیی پێداویستییە جەنگییەکان، کشتوکاڵ، خۆراک، سامانى ئاژەڵ، لە قوتوونان و هەڵگرتنی شتومەک و بیناسازیدا دەبن.
دەستور
بانکی ناوەندی سزاى 49 کۆمپانیا دەدات
بانکی ناوەندی عێراق سزاى 49 کۆمپانیاى دەرکرد کە تاوانبارن بە سپیکردنەوەى پارە و رەوانەى کردنیان بۆ دەرەوەى عێراق.
بانکی ناوەندت عێراق هوشدارییدا لەو کۆمپانیانەی کە وەهمین و لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکی دەکەن و ناوو لۆگۆی بانکی ناوەندی بەکاردەهێنن و لە رێگەى کۆمەڵە گرتەیەکى ناڕاستەوە بانگەشەى ئەوە دەکەن کۆمپانیاکانیان لە موسڵ، کەرکوک، هەولێر و سلێمانى لقیان هەیە و سەرقاڵی پارە سپیکردنەوە و کڕین و فرۆشى پارەى ئەلیکترۆنین.
بانکی ناوەندى راشیگەیاندووە، بە زووترین کات لە دژى هەموو ئەوانە داواى یاسایی تۆماردەکەن کە ناوو لۆگۆی بانکی ناوەندى بەکاردەهێنن، بانکی ناوەندى جەختیشى کردووەتەوە کە ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتیان تێکەوتوون و زیانى گەورەیان بەرکەوتووە.
عەرەب
جوڵە سەربازییە خێراکانى تورکیا لە کەنارەکانى جەزائیر نیگەرانى لێدەکەوێتەوە
خەڵکی جەزائیر لە جوڵە سەربازییەکانى تورکیا لە کەنارەکانى وڵاتەکەیان نیگەرانن و باس لەوەدەکەن زیادکردنى هێزەکانى تورکیا بە بێ هەماهەنگی و ئاگاداریی حکومەتەکەیانە.
زیادکردنى هێزی سەربازیی تورکیا لە کاتێکدایە کە جەزائیر سەرقاڵی ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ مالی و نەیجیریاى دراوسێی کە ماوەیەکى زۆرە گرژى لەنێوانیاندا هەیە، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە جووڵەى تورکیا و زۆرکردنى سەربازەکانى لەبەرژەوەندیی وڵاتانى مالی و نەیجیریایە، ئاماژەى بەوەشکردووە ئەم جوڵەیەى تورکیا لە کشانەوەى هێزەکانى فەرەنساوە سەرچاوە دەگرێت لەو ناوچانەدا و روسیاش بەهۆی سەرقاڵی بە جەنگی ئۆکراینەوە ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە بەشێکى زۆرى ئەو چەکەى کە مالى لە دژى گروپە جیهادییەکانى وڵاتەکەى بەکارى هێناوە تورکیا بۆی دابینکردووە، لە هەمان کاتیشدا بەردەوام راهێنانى بە چەکدارانى نەیجیریا کردووە و راوێژیکاریی سەرکردە سەربازییەکانیان بوون و پەیوەندییەکى بەهێزى ئابووری و سیاسی لەگەڵ هەردوو وڵاتى مالی و نەیجیریا هەیە، وەک رۆژنامەکە ئاماژەى پێکردووە لەو بارەیەوە هێشتا حکومەتى جەزائیری هەڵوێستى خۆی رانەگەیاندووە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنیشەفەق
هێڵی ئاسنی بۆ حەڵەب
لە سوریایەکی نوێدا باس لە گەیاندن و بازرگانی و ئاسانکارییەکانی دەکرێت.
لە ئێستادا راکێشانی هێڵی ئاسانی مەرسین-حەڵەب لە رۆژەڤدایە. ئەم هێڵە لە 2009دا دەستیپێکرابوو بەڵام لە 2011 بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریاوە کۆتایی هات کە لەئێستا 265 کم دەبێت پرۆژەکەو بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا دەستبەکارەکانی بکرێت.
حورییەت
هەڵوێستی نوێی تورکیا لەبارەی یەپەگە
تورکیا داوا دەکات کە دەبێت هەموو ئەو ئەندامانەی یەپەگە کە هاوولاتی سوریی نین وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
ئەوانەی فەرماندەیی یەپەگە دەکەن و خەڵکی سوریا نین دەبێت وڵاتەکە بەجيبهێڵن، لە نێو یەپەگەدا کادرانی خوارەوە دەبێت چەک فڕێ بدەن و بگەڕێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان لە وڵاتدا.
هەرچی کوردانی سوریایە، دەبێت نوێنەرایەتیان هەبێت لەنێو ئیدارەی سووریادا.
سۆزجو
کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەئارەزووی خۆی خەرجیی کردووە
ئەو خەرجییانەی سەرۆکایەتی کۆمار لە کۆشکدا کردوویەتی لەسەر ئاستی مانگەکان زۆر گۆرانکاریان بەسەردا هاتووە، بوهارەدین بوڵوت جێگری سەرۆکی جەهەپە ئەم جیاوازییانەی بەپێی گرافیکيک بڵاو کردووەتەوە.
هاوکات ئاشکراش کراوە کە کۆشک لە یەک رۆژدا هێندەی دوو هەزار و 23 فەرمانبەر و دوو هەزار و 752 خانەنشین خەرجی هەبووە.
ئەوەشی پێی دەگوترێت کەمکردنەوەی خەرجییەکان بە گشتی و کەمەرگوشین هەمووی باتڵ دەرچوو.
تورکیا
ئەسەد لە خزمەتی ئیسرائیلدا بوو
هەر ئەو کاتە رۆژنامەکەمان لە 13ی تشرینی دووهەمدا نوسیبووی ئەسەد لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتووە، ئيستا ئەو گفتوگۆیانەی ئەسەد و موساد بڵاو بوونەتەوە.
ئەم یارییە قێزەونەش کە چەندین ساڵە پشتگیری لە ئێرانەوە بۆ دەچوو، لەلایەن هاکان فیدانەوە ئاشکرا کراوە.
موساد گفتوگۆ نوسراوییەکانی دەزگای هەواڵگری و سوپای سووریای بڵاو کردۆتەوە، هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، کە بۆچی سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوریا لەکارخراوە دژ بە ئیسرائیل.
بەپێی زانیارییەکان بە ئەسەد گوتراوە هیچ زیان بە تۆ ناگەیەنین.