زووم..
ئیدارەی خۆسەرى رۆژاڤاى کوردستان دەستپێشخەرییەکى 10 خاڵى بۆ سوریاى نوێ راگەیاند و دەڵێت، هەماهەنگى لەنێوان ئیدارەى خۆسەر و ئیدارەى سیاسى دیمەشق لە بەرژەوەندى هەموو سورییەکان دەبێت.
پارێزگارى لە سەروەریى خاکى سوریا بکرێت و لە هێرشى تورکیا بپارێزرێت
ئیدارەى خۆسەر داوا دەکات پارێزگارى لە یەکپارچەیی و سەروەریى خاکى سوریا بکرێت و لە هێرشى تورکیا و گروپەکانى بپارێزرێت، داوای راگرتنى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە تەواوى خاکى سوریا دەکات بە ئامانجى دەستپێکردنى گفتوگۆیەکى نیشتمانى و گشتگیر و بنیادنەر.
داوا دەکات دۆخى داگیرکارى کۆتایی پێبهێنرێت و رێگە بە گەلى سوریا بدرێت خۆى داهاتووى خۆى دیارى بکات و بنەماى دراوسێیەتى باش جێبەجێ بکات.
کۆبوونەوەیەکى بەپەلە لە دیمەشق رێکبخرێت
داوا دەکات بە بەشدارى لایەنە سیاسییەکانى سوریا کۆبوونەوەیەکى بەپەلە لە دیمەشق رێکبخرێت بۆ یەکخستنى دیدگاکان لەبارەى قۆناغى راگوزەر و لایەنەکان دووربکەونەوە لە گوتارى رقوکینە و رێزبگیرێت لە هەمەڕەنگى و جیاوازییەکانى کۆمەڵگەى سوورى و ژنان بەشدارى کارا لە پرۆسەى سیاسیدا بکەن.
ئیدارەى خۆسەر دەڵێت، پێویستە سامانە سروشتییەکان و سەرچاوە ئابوورییەکان بە یەکسانى و دادپەروەرى بەسەر ناوچەکانى سوریادا دابەشبکرێن و دانیشتووانى رەسەن بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان و کۆتایی بە سیاستى گۆڕینى دیمۆگرافى بهێنرێت.
جەختدەکاتەوە لەوەی بە هاوکارى هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە شەڕى دژى تیرۆر و رێگرى لە گەڕانەوە داعش، پێشوازیش لە رۆڵى بنیادنەرانەى وڵاتانى عەرەبى و هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکات.