زووم..
زۆرینەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە و دەرگاى قوتابخانەکان هەر داخراون، هۆکارى هەموو ئەم دۆخەش ئەو بێمووچەییەیە، هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق بەسەر خەڵکیدا هێناویانە.
نزیکەى 10 رۆژە بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستپیێکردوە، بەڵام لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی دەوامی ئەم هەفتەیەوە بایکۆتی فەرمانبەران فراوانبوە و زۆرینەی فەرمانگەکانی گرتوەتەوە و مامۆستایانیش بایکۆتیان کردوە دەرگای خوێندنگە و قوتابخانەکانیش جارێکی دیکە داخرانەوە.
دوێنێ حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لە رۆژى سێشەممەوە دەست بە دابەشکردنى مووچە دەکەین، بەڵام هێشتا نە خشتە دیارە و نە زانیارى لەبارەى مووچەى مانگەکانى 11 و 12ى مووچەخۆران، بۆیە بایکۆت بەردەوامە.
مامۆستایان و فەرمانبەران دەڵێن تاوەکوە مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 وەرنەگرن ئامادەنین بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
هەرچەندە ماوەی دوو هەفتە زیاترە بەغداد بڕی 761 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 10ـی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان ئامادە نەبووە دابەشی بکات.