زووم..
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی گوتوە، لەگەڵ هەرێم لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئاماژە بەوەش دەکات، بە بەرپرسانی هەرێمیان گوتوە دەبێت تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی بە بانکیکردنەوە مووچە وەربگرن.
بەگوتەی عەتوان عەتوانی، لیژنەکەیان بۆ چاودێریی زیادکردنی داهاتی نانەوتی بەدواداچوون بۆ تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکات، لە بەرزکردنەوەی رێژەی ئەو داهاتە، لەهەمانکاتدا چاودێری دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکەن لەبارەی زیادکردنی داهاتی نانەوتییەوە.
عەتوانی دەشڵێت، ژمارەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی نانەوتی جیاوازە لەوەی لەلای حکومەتی عێراقە، لیژنەکەیان بە بەرپرسانی هەرێمیان گوتوە دەبێت دەروازە سنورییەکان و سیستمی گومرگی یەکبخرێت بۆ رێکخستنەوەی داهات، رێگەش بەقاچاخچێتی نەدرێت و سیستمی دیجیتاڵی جێبەجێ بکرێت.
لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانیشەوە دەڵێت، بە بەرپرسانی هەرێمیشیان گوتوە دەبێت تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی بە بانکیکردنەوە مووچە وەربگرن.