زووم..
ئاگربەستى نێوان هێزەکانى سوریای دیموکرات و گرووپە چەکدارەکانى تورکیا لە مەنبەج، پێ دەنێتە چوارەم رۆژەوە، بەڵام بۆردومان و تۆپبارانى ئەو گروپانە بەردەوامە.
بەگوێرەى ئاژانسی هاوار نیوز، تا درەنگی شەوى رابردوو، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردى قەرەقۆزاکیان لە تەبقا و گوندەوارەکانى کۆبانێ تۆپباران کردووە.
ئەو هێزانەى تورکیا دەیانویست رۆژانى رابردوو لە پردی قەرەقۆزاک و بەنداوى تشرینیەوە بپەڕنەوە و بگەنە ناوچەکانی کۆبانێ و تەبقا، لە هەردوو ناوچەکەش پێکدادانى خۆیناوى روویاندا، ئەمە وایکرد ئەمریکا داوای ئاگربەستیان لێ بکات، بەڵام هێزەکانى سوریای دیموکرات دەڵێن، گرووپەکان پابەندى ئاگربەست نیین.
بەگوێرەى ئاگربەستەکە، هەسەدە ئەو هێزە چەکدارییەکانەى خۆی کە لە مەنبج گەمارۆدراون دەربازبکات، لە بەرامبەریشدا گروپە چەکدارەکانی تورکیا روفاتى سوڵتان سلێمان بگوازنەوە شوێنە رەسەنەکەى خۆی بۆ کەناری رۆژهەڵاتی روباری فورات.
بەڵام تورکیا داوای رووبەرێکی یەک کیلۆمەتر و نیوی بە دەوری مەزارگەکەدا کردووە، ئەو داواکارییەش لەلایەن هەسەدەوە رەتکراوەتەوە و پێی وایە شوێنى ئەو مەزارگەیە 20 کیلۆمەتر لە کۆبانێیەوە دوورە، تورکیا لە ئایندەدا دەیکاتە بارەگای سەربازیی گروپەکانى و کۆبانێی پێدەکاتە ئامانج.