زووم..
ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتی ئیدارەی نوێی سوریا چاوی بە گیێر پیتەرسن، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دیمەشق کەوت و دوایین پێشهاتەکانی سوریایان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ئیدارەی نوێی سوریا، لە چاوپێکەوتنەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی بڕیاری 2254 کردووە و جەختیان کردووەتەوە لەوەی پێویستە بڕیارەکە نوێبکرێتەوە بەجۆرێک بگونجێت لەگەڵ دۆخی ئێستای سوریا.
ئەو بڕیارەی گفتوگۆیان لەسەر کرد بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە و تایبەتە بە ئاگربەست و یەکلاکردنەوەی دۆخی سیاسیی سوریا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەحمەد شەرع جەختی لەوە کردووەتەوە پێویستە سەرنج بخرێتەسەر یەکڕیزی خاکی سوریا و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی و گەشەسەندنی ئابوورییەکەی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان کردووەتەوە، لە گرنگی دابینکردنی ژینگەی پارێزراو بۆ گەڕانەوەی پەنابەران و ئاوارەکان لەگەڵ پێشکەشکردنی پشتیوانیی ئابووری و سیاسی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.