زووم..
رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی رایگەیاند، بانکی ناوەندیی سوریا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو لەو سەردەمەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بوو، 250 ملیۆن دۆلاری بە نەقد ناردووە بۆ مۆسکۆ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فاینانشیاڵ تایمز، سوریا ئەو پارانەی ناردووەتە روسیا، چونکە لە بەرامبەر پشتیوانیی سەربازیدا قەرزاری کریملن بووە، جگە لەوەش کەسوکاری ئەسەد بە نهێنی لە روسیا موڵک و ماڵیان کڕیوە.
فاینانشیاڵ تایمز ئاشکرایکردووە، لە کاتێکدا سوریا بەدەست کورتهێنانی دراوە بیانییەکانەوە دەناڵێنێت، کەچی هەستاوە بە ناردنی دوو تۆن 100 دۆلاری و 500 یۆرۆیی بۆ فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤۆ لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا.
رۆژنامە بەریتانییەکە دەڵێت، ئەم بڕە پارە نائاساییەی دیمەشق بۆ مۆسکۆی ناردووە دەریدەخات ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا هاوپەیمانی سەرەکی ئەسەد بووە و پشتیوانیی سەربازی پێشکەشکردووە بە مەبەستی درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەی.