زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینانشیەڵ تايمز
بەشار ئەسەد لەڕێگەی بردنەدەرەوەی پارەوە سوریای وشککرد
بەگوێرەی چەند تۆمارێکی بانکی ناوەندیی دەرەکەوتووە، بەشار ئەسەد تەنها بەشێوەی کاش بڕی 250ملیۆن دۆلاری لە ڕێگەی فڕۆکەوە بردووەتە مۆسکۆ.
گواستنەوەی پارەکان لەماوەی دوو ساڵدا بووە، لە ساڵانی 2018 بۆ 2019 ئەوکاتەی ئەسەد بەهۆی کڕینی کەلوپەلی سەربازیی و کڕینی کەلوپەلی دیکەوە لەلایەن خزمەکانییەوە قەرزداری روسیا بووە.
بەهۆی سزا داراییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و هاوپەیمانێتی لەگەڵ روسیادا، مۆسکۆ ببووە گرنگترین ناوەندی گواستنەوەی پارەکانی ئەسەد لەماوەی رابردوودا.
دەیلی تەلەگراف
حکومەتی بەریتانیا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا دەکاتەوە
حکومەتی بەریتانیا لە ئێستادا لە پەیوەندیی دیبلۆماسی دایە لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کە حکومەتەکەی بەشار ئەسەدیان هێنایە خوارەوە.
ئەم هەنگاوەی بەریتانیا دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا رایگەیاند لەگەڵ ئەو گروپانەدا لە پەیوەندیدایە.
هاوکات دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، بڕی 50 ملیۆن پاوەن وەک هاوکاریی مرۆیی بۆ سوریا تەرخان دەکات .
ژاپۆن تايمز
سەرۆکی کۆریای باشوور دەستبەرداری پۆستەکەی نابێت
یون سوک یول، سەرۆکی کۆریای باشوور، بەڵێنیدا هەرگیز کۆڵنەدات و دەستبەرداری پۆستەکەی نەبێت.
دوای ئەوەی بەکۆی دەنگ لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە بڕیاری لێپرسینەوەی لێدرا و بۆ ماوەیەکی کاتیی لە پۆستەکەی هێنرایە خوارەوە، بەهۆی ئەوەی دەیویست بڕیاری یاسای سەربازیی لە وڵاتەکەیدا بسەپنێت و حوکمی وڵاتەکەی بەرەو تاکڕەویی ببات. لەبەرامبەر ئەوەدا، یول لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، هەرگیز کۆڵ نادات و هەموو ڕەخنە و هاندانەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی تا کۆتایی باشترین خزمەتی گەلەکەی پێبکات.
عەرەب نيوز
لە چەند هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆسەر غەزە 22 کەس کوژران
بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر ناوچەکانی باکووری غەزە، 22 کەسی دیکە کوژران، بەشێک لە هێرشەکانیش کرابوونە سەر ئەو قوتابخانانەی کە بوونەتە شوێنی حەوانەوەی ئاوارەکانی ئەو کەرتە. بەشێکی دیکە لە کوژراوەکان لە چەند هێرشێکدا بووە بۆسەر خانووی هاوڵاتییان.
تا ئێستا ژمارەی کوژراوانی فەلەستینییەکان بە دەستی ئیسرائیل گەیشتووەتە 44 هەزار و 976 کەس. فەڵەستینییەکانیش دەڵێن، ئیسرائیل دەیەوێت پاکتاوی نەتەوەیی باکووری کەرتی غەزە بکات و دواتر ناوچەیەکی بێلایەن درووستبکات.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
لە شەش مانگدا تیکتۆک لە تورکیا حەوت ملیۆن ڤیدیۆی سڕیوەتەوە
لەماوەى شەش مانگی ئەمساڵدا تیکتۆک لە تورکیا حەوت ملیۆن و 97 هەزار و 236 گرتەى سڕیوەتەوە بە پاساوی پێشێلکردنی بەهاکانی کۆمەڵگە تەواوى ئەو گرتانەی لە پلاتفۆڕمەکەى سریوەتەوە و لابراون.
بەگوێرەى ئامارەکان 98.67%ـی ئەو گرتانەى تیکتۆک سڕیوێتیەوە لەلایەن بەکارهێنەرانەى تیکتۆکەوە گیراون و لەگەڵ پۆست کردنیان سڕاونەتەوە.
قەرار
راپرسییەک: 60%ـى پەنابەرە سورییەکان دەگەڕێنەوە
بەگوێرەى راپرسییەکى ناوەندی ستراکۆم، خەڵکی تورکیا لەو باوەڕەدان لەپاش کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد تەنها 60.9%ـی پەنابەرە سورییەکانى تورکیا دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و 40%ـی ى دیکەیان لە تورکیا دەمێننەوە.
لە راپرسییەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، 42٪ـی خەڵکی تورکیا لەو باوەڕەدان لابردنی رژێمی بەشار ئەسەد بەهۆی سیاسەتە سەرکەوتنەکانی ئەردۆغانەوە بووە.
بە گوێرەى راپرسییەکە 72.2٪ـی لایەنگرانی ئاک پارتی خۆشحاڵ بوون بە روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، هەروەها 15٪ـى لایەنگرانی جەهەپە خۆشحاڵییان بۆ لابردنی ئەسەد دەربڕیوە.
لە راپرسییەکەدا 24.5٪ـی بەشداربون نیگەرانییان هەبووە لەوەی رژێمێکی ئیسلامی لە سوریا دەسەڵات بگرێتەدەست.
یەنیچاخ
13 کەناڵی ئۆپۆزسیۆن سزا دەدرێن
دامەزراوەى باڵای تەلەفیزیۆن و رادیۆ لە تورکیا لەماوەى رابردوودا سزای ئیداری بەسەر 13 کەناڵی هەواڵی ئۆپۆزسیۆندا سەپاندووە.
بەگوێرەى زانیارییەکەکان سزاکان لەو ماوەیەدا بووە کە میدیاکان روماڵی هێرشە چەکدارییەکە بۆ سەر توساش لە ئەنقەرەیان کردووە.
لەو کەناڵانەش بریتین لە سۆزجو تی ڤی، تەلە بیر، هاڵک تی ڤی، فلاش هەبەر و چەند کەناڵێکی دیکە. هەر یەک لەم کەناڵانە بۆ سێ جار سزای پارە دراون.
تونجای کەسەر یەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ریتوکە و ئەندامی جەهەپەیە رایگەیاندووە، سزادانی ئەو کەناڵانە بە بڕیارێکی میزاجی بووە و سزادانی کەناڵەکان سنوردارکردن و لەکەدارکردنی دیموکراسییە.
ئایدنڵک
پارتی نیشتیمان لەسەر سوریا داوای کۆدەنگی دەکات
حەسەن کۆرکمازجان یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی پارتی نیشتیمان لە پەڕلەمانی تورکیا داوای کۆدەنگی و رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکات بۆئەوەى تورکیا رێگەنەدات بە دابەشبونی خاکی سوریا یاخوود بە هاتنەئارای مۆدێلی فیدڕاڵی یان خۆسەری لە باکووری سوریا.
حەسەن کۆرکمازجان رایگەیاندووە، گەلی سوریا لەژێر هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی داگیرکەردان. پێویستە تورکیا رۆڵی خۆی بگێڕێت لەوەی سوریا بە وڵاتێکی سەربەخۆ، یەکپارچەیی خاکەکەی.
راشیگەیاندووە، ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەى پەکەکە و یەپەگەوە تاکوو سنوورەکانی تورکیا خۆی نزیکبکاتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
راپۆرتێک لەسەر دۆخی ئینتەرنێت: تەنها گرانتر دەبێت
خاوبوونەوە و دابەزینی کوالیتی و پچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت خەڵکی هەراسان کردووە.
پچڕانی کارەبا و نەبوونی پاشەکەوتی پاتری بۆ تاوەرەکانی پەیوەندییەکان کێشەکانی زیاتر کردووە و بەرزبوونەوەی نرخەکان بەڵێنی باشترکردنی کوالیتی لەگەڵدا بوو، بەڵام بە کردەوە بەکارهێنەران تووشی کەمبوونەوەی بەرچاوی خێرایی بوون، بەتایبەتی لە کاتی لوتکەی بەکارهێناندا.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، پێداچوونەوەی جددی بە سیاسەتەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی پێوەندییەکان و شەفافیەت لە دابینکردنی ئامارەکاندا زۆر پێویستە.
ئینتەرنێت شتێکی دەوڵەمەندانە نییە، بەڵکو مافێکە کە پشتگوێخستنی دەبێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم گەشەکردن و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگادا.
کار و کارگەر
مانگی سووری ئێران هەزار و 695 ئۆتۆمبێلی لەناو بەفر رزگار کرد
دوای بارینی بەفرێکی زۆر لە 16 پارێزگای ئێران لە دوو رۆژی رابردوودا، کۆمەڵەی مانگی سوور فریاگوزاریی پێشکەش بە زیاتر لە شەش هەزار کەس کرد.
بابەک مەحمودی سەرۆکی رێکخراوی فریاگوزاریی مانگی سوور رایگەیاند، لە هەڵمەتەکەدا 115 تیمی فریاگوزاری ئامادەبوون و توانیان هەزار و 695 ئۆتۆمبێل کە لەناو بەفردا گیریان خواردبوو، رزگار بکەن.
هەروەها 605 کەس پەناگەی فریاگوزارییان پێدراوە و 701 کەس کەلوپەلی خۆراکیان وەرگرتووە و دوو برینداریش بۆ ناوەندە پزیشکییەکان گواستراونەتەوە.
بەهۆی دۆخی کەشوهەوا، مانگی سوور بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە تووشی کێشە دەبن.
ئەبرار
ژیریی دەستکرد لە هەموو پۆلەکانی خوێندن له ئێراندا فێری خوێندکاران دەکرێت
عەلی لەتیفی، سەرۆکی رێکخراوی توێژینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی، رایگەیاند: هەموو مامۆستایان و قوتابیان فێری ژیریی دەستکرد دەکرێن.
لەتیفی دەشڵێت: گروپێکی کاری تایبەت لە ئەنجومەنی باڵای پەروەردە لەسەر فەرمانی وەزیر دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی پلانەکە جێبەجێ بکەن.
پلانەکە بە دوو جۆر بەڕێوەدەچێت: یەکێکیان راهێنانی مامۆستایانە لەسەر سێ ئاستی سەرەتایی و مامناوەند و پێشکەوتوو بە شێوەی ئۆنلاین، ئەوی دیکەیان چاکسازییە لە کتێبی کار و تەکنەلۆژیادا بۆ پۆلی شەشەم تا هەشتەم کە بەشێکی تایبەتە بە ژیریی دەستکرد.
هەروەها پڕۆژەیەکی گشتگیر پەرەی پێدەدرێت کە ژیریی دەستکرد لە هەموو ئاستەکانی پەروەردەدا فێردەکات و رێبازە گونجاوەکان بۆ ئەم پەروەردەیە دیاری دەکات.
ئەسکناس
12%ـی خەڵکی ئێران بەهۆی قەڵەوییەوە گیان لەدەستدەدەن
قەڵەوی، وەک کێشەیەکی سەرەکی لە ئێران، هۆکاری بەشێکی بەرچاوی مردنی خەڵکە.
ئەحمەد ئیسماعیل زادە، بەڕێوەبەری گشتیی خۆراکی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند: ساڵانە نزیکەی 420 هەزار ئێرانی گیان لەدەستدەدەن کە 12٪ـی مردنەکان پەیوەندییان بە قەڵەویەوە هەیە.
ئیسماعیلزاده دەشڵێت: رێژەی قەڵەوی و کێشی زیادە لە ئێران لە هەڵکشاندایە و نزیکەی 50٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە کێشی زیادەیان هەیه و قەڵەون.
هەروەها رێژەی قەڵەوی لە کەسانی پێگەیشتوودا گەیشتووەتە 65٪.
بۆ خۆپاراستن له ئەم دیاردەیە دەبێت خۆچاودێری، خۆراکی تەندروست، چالاکیی جەستەیی و کۆنترۆڵکردنی فشاری دەروونی ئەنجام بدرێت.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە قاهیرە کۆنگرەیەکى جیهانیی بۆ رێکخستنەوەى فەتوا بەڕێوەچوو
دوێنێ لە قاهیرەى پایتەختى میسر کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتى بە بەشداریی بەشێکی زۆر لە موفتى وڵاتانى جیهانى ئیسلامى بەڕێوەچوو.
لە کۆنگرەکەدا لەبارەى توندڕەویی، تەکفیرکردنى خەڵک، ترس و تۆقاندن کرا و بەشێکى زۆر لە بەشداربوون جەختیان لەوە کردەوە، ئەو جۆرە کارانە لەبنەما سەرەکییەکانى ئیسلامدا نین.
نەزیر عیاد موفتى وڵاتى میسر رایگەیاند، بەهۆی بێسەروبەرەیی فەتواوە کۆمەڵگە رووبەڕووى مەترسى زۆر دەبێتەوە، بەهۆی نەشارەزایی لە دەقە شەرعییەکان و ئامانجى بنەڕەتى شەریعەت فەتواکان بوونەتە عەیبە و نەنگی بەسەر ئیسلامەوە، وێنە راستەقینەکەى ئیسلامیان لە کۆمەڵگەدا شێواندووە، بوونەتە رێگر لە بەردەم ئاسایشى کۆمەڵگەدا.
لە کۆنگرەکەدا موفتى میسر باسی لە توندڕەویی و لادان بەناوى دینەوە کردو گوتى، گروپە توندڕەوەکان مەترسین لەسەر ئاسایشى کۆمەڵایەتى، راشیگەیاند فەتوا رۆڵی سەرەکی هەیە لە قوڵکردنەوەى هەستى پێکەوە ژیان و خۆشەویستى نیشتمان و پەرەپێدانى هاووڵاتیی بوون، لەبەر ئەوەى ئیسلام گرنگی زۆر دەدات بە پێکەوەژیانى سەرجەم پێکهاتە و ئایینەکان لە ژێر چەتری یەک کۆمەڵگەو وڵات و نیشتماندا ئەوەى ئەمە تێکدەدات ئەوانەن کە هیچ شارەزاییەکیان لە قوڵاییەکانى ئایین نیە.
سەباح
عێراق کار بۆ رێککەوتنێکى نێودەوڵەتى دەکات سەبارەت بە زیندانییە بیانییەکان
موراد ساعیدی بەڕێوەبەرى راگەیاندنى وەزارەتى داد رایگەیاند، وەزارەتەکەیان کار بۆ ئەوە دەکات رێککەوتنێکى نێودەوڵەتى لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بکات کە هاووڵاتییەکانیان لە عێراقدا لە زینداندان.
ئاماژەى بەوەشکردووە لەگەڵ وڵاتى ئازەربایجان نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەى ئەو هاووڵاتییانەى کە لە ئازەربایجانین و بەهۆکارى جیاواز لە زیندانەکانى عێراقدان.
ساعیدی راشیگەیاند، کێشەى ئەو دەیان ژنان و منداڵە بیانییانەی نێو زیندانەکانى عێراق لە رێگەى وەها رێککەوتنێکەوە کۆتایی دێت، بەوەش قەرەباڵغی نێو زیندانەکان کەمتر دەبنەوە و بارگرانییەک لە سەر زیندانەکان کەمدەبێـتەوە، لەڕووى مافەکانى مرۆڤیشەوە باشتر وایە ببرێنەوە وڵاتى خۆیان و لە نزیکی کەسوکاریانەوە بن.
دەستور
عێراق لە لیستى ئەو وڵاتانە دەهێنرێتە دەرەوە کە منداڵ لە جەنگەکاندا بەکاردەهێنن
ئەحمەد ئەسەدى وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتى رایگەیاند، عێراق بە تەواوەتى پابەندی خۆی بە مافەکانى منداڵانەوە و هاوکاریی تەواوی ئەو رێکخراوانەش دەکات کە کار بۆ دورخستنەوەى منداڵان دەکەن لە جەنگ و خوازیاری ژیانێکى ئارام و تەندروستە بۆیان.
راشیگەیاندووە، لەو بوارەدا دەستەبەری کۆمەڵایەتى بۆ سێ ملیۆن 600 هەزار منداڵ کراوە، مووچە دەدرێتە 137 هەزار منداڵی بێ باوک، دوو ملیۆن و 200 هەزار منداڵ دەرماڵەى خوێندنیان پێدەدرێت، دەرمانى خۆڕایی دەدرێت بە 11 هەزار منداڵ کە نەخۆشى شەکرەیان هەیە، 177 هەزار منداڵ بیمەى تەندروستییان بۆکراوە.
وەزیری کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى ئاماژەى بەوەشکردووە گەورەترین دەستکەوتیان ئەوە بووە لە ماوەى ساڵی رابوردوودا ئەوەندە کاریان بۆ منداڵان کردووە کە عێراق لە نێو ئەو وڵاتانەدا هاتووەتە دەرەوە کە منداڵان بۆ یەکلایی کردنەوەى کێشەکانیان منداڵان بەکاردەهێنن و چەکداریان دەکەن.
عەرەب
پاشماوە جەنگییەکان رێگرن لە گەڕانەوەى بەشێک لە ئاوارەکانى سوریا بۆ نێوماڵەکانیان
دواى کۆتایی هاتنى رژێمى ئەسەد، گۆڕانکارییەکانى سوریا و گەڕانەوەى بەشێکى زۆر لە ئاوارە ناوخۆیی و هەرێمییەکان لە ئێستادا کێشەى سەرەکى بەردەم هاووڵاتیانى سوریا پاشماو جەنگییەکانە، لە مین و بۆمب و گوللـەتۆپ و هاوەنى بەجێماوى نەتەقیو.
دوێنێ لە پارێزگای حەما بۆمبێکى بەجێماو تەقییەوە و بووە هۆی کوژرانى شەش کەس کە سیانیان منداڵ بوون، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لەساڵانى جەنگی سوریادا کە سەرەتاکەى دەگەڕێتەوە بۆ 2011 رژێمەکەى ئەسەد بە پلەى یەکەم و لایەنە شەڕکەرەکانیش بە پلەى دووەم هەزاران مینیان لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا داناوە، ئەوە جگە لە بەجێمان و نەتەقینەوەى ئەو هەزاران گوللـە هاوەن و تۆپانەى کە لەبەرەکانى جەنگ و نێو کوچەو کۆڵانەکاندا بەجێماون.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە بەرگریی شارستانى سوریا بڵاویانکردوەتەوە کە دەستیانکردووە بە پاککردنەوەى ئەو شوێنانەى کە مین و تەقەمەنییان تێدایە، بەڵام ئەوەش کاتى دەوێت و پێویستمان بە هاوکاریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاگاداریی ئەو هەزاران هاووڵاتییە ئاوارانەشى کردوەتەوە کە لەخۆیانەوە نەچنەوە سەر ماڵ و حاڵ و زەوییەکانیان تا دڵنیا نەبنەوە لە هەبوونى مین و تەقەمەنی و لە خۆیانەوە دەستکارییان نەکەن و لایەنى پەیوەندیداری لێ ئاگاداربکەنەوە، بەرگریی شارستانى سوریا کە بە (خودەى سپی) بەناوبانگە ئاشکرای کردووە کە لە ماوەى چوار رۆژی رابردودا 491 بۆمب و مین و تەقەمەنییان پوچەڵکردووەتەوە.