یارییەکانی ئەم هەفتەیەی خولی نایابی کوردستان کۆتایی هات و سێ یانەی شاری هەولێر بردنەوە بەدەست دێنن و چوارقوڕنەش بەرامبەر دەبێت.
یانەی برایەتی لە یاریگای خۆی میوانداری شێروانەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەی کرد، دوای یارییەکی بەهێز یانەی خاوەن یاریگا بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
لە یارییەکی دیکەدا یانەی پێشمەرگەی هەولێر سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە دەربەندیخانی بردەوە و بەو بردنەوەیەش چووە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە.
هەر لە شاری هەولێر، یانەی بەرگ زەردەکانی پایتەخت توانییان سنورێک بۆ بردنەوەکانی سیروانی نوێ دانێن دوای سێ بردنەوەی لەسەریەک نوێنەرەکەی سلێمانییان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر تووشی شکست کرد.
لە دوا یاریی ئەم هەفتەیەدا یانەی سەیدسادقی دوا تیپی ریزبەندی خولەکە بووە میوانی چوارقوڕنە، یارییەکەش بە یەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتایی هات.