زووم..
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندەکەی هەرێم کۆبوونەوەکانیان لە بەغداد تەواو دەبن و سبەی بڕیار لەسەر کێشەی مووچە دەدرێت.
بەنگین رێکانی دەشڵێت، “کێشەی مووچە بەرەو چارەسەربوون دەڕوات و هەندێک لێکتێنەگەیشتن و کێشەی تەکنیکی هەیە و بەدڵنیاییەوە دەبێت کێشەی مووچە چارەسەر ببێت.”
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم بە زوومی راگەیاندووە شاندەکەی هەرێم بۆ داواکردنی 270 ملیار دیناری دیکە بۆ مووچەی مانگی 12 لە بەغدادە.
نزیکەی 60 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و ماوەی هەفتەیەکیشە بایکۆت لە سلێمانی دەستیپێکردووەتەوە. مامۆستایان ناچنە هۆڵەکانی خوێندن و پۆلیسی هاتوچۆش لەسەر شەقامەکان ئەرکەکانیان بەڕێوە نابەن.
هاوکات هەر ئەمڕۆ بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوون بایکۆتی دەوامیان کرد.