محەمەد شیاع سودانی، سەرەکوەزیرانی عێراق سبەینێ، سێشەممە، 29ى تشرینى دووەمى 2022، لەسەر بانگهێشتنامەی کۆمارى ئیسلامى ئێران، سەردانى تاران دەکات، هێرشەکانى ئێران بۆسەر هەرێمى کوردستان، تەوەرى سەرەکى گفتوگۆکانى دەبێت.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بە میدیا عێراقیەکانى راگەیاندووە، سودانی بە چڕی بابەتی تۆپباران و بۆردومانەکانی سوپای پاسداران بۆسەر “خاکى عێراق” لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.
هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی بەریتانی گوتووە، سودانی چەند پرسێکی دیکەى “گرنگ” لەگەڵ بەرپرسانى ئێران تاوتوێ دەکات، گرنگترینیان نێوەندگیری بەغدادە بۆ ئەنجامدانى دانوستانى نێوان سعودیە و ئێران، بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە، کە ناکۆکن.
سەرچاوەکە ئامادە نەبووە رۆژنامەکە ناوى بڵاوبکاتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، تەوەرێکی دیکەى گفتوگۆکانی سودانی، لەگەڵ بەرپرسانی تاران تایبەت دەبێت بە کێشەی کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایشی ناوچە سنورییەکان و پرسی بوونی بنکە و بارەگاکانی حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان.
لە دواى مەرگى ژینا ئەمینى و خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان، سوپاى پاسداران لە 28ى مانگى ئەیلولەوە هێرشی بۆسەر بنکە و بارەگاى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، لە کۆیە، زڕگوێز، پردێ و دەڤەرى سیدەکان دەستپێکردووە.
هەینى رابردوو محەمەد پاکپور، فەرماندەى هێزى زەمینى سوپاى پاسداران گوتى، هێزیان بەرەو ناوچە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان جوڵاندووە.
سودانی، لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، پرسی بۆردومانەکان، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران تاوتوێ دەکات، هەروەها پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان عێراق و ئێران و دۆسێی وزە، نەوت و گاز تاوتوێ دەکەن.
وەک سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، سودانى، دواى سەردانەکەى بۆ تاران، سەردانى سعودییەش دەکات، کە بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو بەشداری لە لوتکەی عەرەبی-چینی بکات، کە لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت. لە سەردانەکەیدا بابەتی نێوەندگیری بەغداد لەنێوان سعودیە و ئێران، لەگەڵ بەرپرسانى ریاز تاوتوێ دەکات.