زووم..
رۆژنامەی ئاسیای ئێرانی رایگەیاندووە، ئەو هێلکانەی لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێن کوالیتییان خراپە و پیسن.
رۆژنامەکە لە هەواڵێکیدا دەڵێت، زۆرجار هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرهەمی ئێران بەهۆی کوالیتی کەم ناڕازین و ئەمجارەش ناڕەزایەتییەکان بەرۆکی هێلکەی گرتوەتەوە.
لە درێژەی هەواڵەکەدا ئەوە هاتووە، “راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو هێلکانەی هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراون لە هەندێک حاڵەتدا پیس بوون و کوالیتیان خراپ بووە.”
رۆژنامەکە لەبارەی هۆکاری خراپی کوالیتی هێلکەکانەوە دەڵێت، هێلکەی ئێران کە پێشتر کوالیتی باش بوو، ئێستا بەهۆی قۆرخکاری لە هەناردەکردن و هەڵبژاردنی هەندێک کۆمپانیای دیاریکراودا کوالیتی ستانداردی خۆی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئاماری یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری ساڵانەیە.