زووم:
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەی ئەمڕۆیدا قیناعێکی کیمیایی لەگەڵ خۆی دەهێنێتە نێو هۆڵی کۆنگرەکە و نیشانی رۆژنامەنووسان و رایگشتیی جیهانی دەدات.
کەنعانی لەگەڵ بەرزکردنەوەی قیناعەکەدا، جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق وەبیردێنێتەوە، لەو رووەوە تۆمەت ئاڕاستەی ئەڵمانیا دەکات.
🎥 حضور متفاوت «کنعانی» در جمع خبرنگاران
سخنگوی وزارت خارجه:
گزارشها نشان میدهد #آلمان نقش مهمی در تسلیح عراق به سلاحهای شیمیایی داشته است
بنده در ۱۳-۱۴ سالگی در جبهههای دفاع مقدس بودم، این ماسک مخوف از ابزاری بود که همیشه در کنار ما بود حتی در پشت جبهه pic.twitter.com/jHJ6pTw35G
— خبرگزاری تسنیم 🇮🇷 (@Tasnimnews_Fa) November 28, 2022
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گوتی، بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیی جەنگەکە کەوتووەتە ئەستۆی سەدام حسێن “بەڵام لە ماوەی ساڵانی جەنگەکەدا، چەند وڵاتێک لەنێویشیاندا ئەڵمانیا هاوکاریی سەرۆکی عێراقیان دەکرد و مادەی کیمیاییان بۆ دەناردن”.
“ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە باش دەیانزانی، سەدام حسێن ئەو مادانە بۆچی بەکاردەهێنێت.. لەکۆتاییشدا هەروا دەرچوو، سەدام لەو رێگەیەوە تاوانی لە دژی خەڵکی ئێران و عێراقیش ئەنجامدا” ناسر کەنعانی وایگوت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، مەبەستی لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بوو دژی نەیارەکانی لە سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا.
نیشاندانی قیناعەکەش، بیرهێنانەوەی ئەو سەردەمە بوو، کە خەڵکی ناوچەکە لە ترسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی پەنایان بۆ ئەو جۆرە قیناعە دەبرد بۆ ئەوەی خۆیان لە هەر هێرشێکی کیمیایی بپارێزن.
کەنعانی، ئاماژەی بەوەدا، لەو سەردەمە و لە ساڵانی دواتریشدا راپۆرتە رۆژنامەنوسییەکان و تەنانەت لێکۆڵینەوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەریانخست، ئەڵمانیا لەرووی مادەی کیمیاییەوە هاوکاریی سەدام حسێنیان کردووە، لەو رووەوە چەند کۆمپانیایەکی ئەڵمانیی لە دۆسیەکەوە تێوەگلان.
هۆکاری گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە لەلایەن کەنعانییەوە، وەکو وەڵامێک بوو بۆ دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا، کە ماوەیەکە رەخنە لە دۆخی ناوخۆی ئێران دەگرن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاشکرایکرد باڵیۆزی ئەڵمانیایان بانگکردووە و نیگەرانییەکانی خۆیان لەوبارەیەوە پێگوتوون.
لەوکاتەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکردووە، بەرپرسانی ئەڵمانیا پشتگیریی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دوپاتکردووەتەوە و رەخنەی توندیان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرتووە.
کەنعانی، رەخنەکانی ئەڵمانیا دژی وڵاتەکەی بە “پڕوپاگەندە” ناودەبات و دەڵێت، “ئەوان ئێستا رەخنە لە ئێمە دەگرن و دەستوەردان لەناوخۆی وڵاتەکەماندا دەکەن، گوایە ئێران مافەکانی مرۆڤی پێشێلکردووە، بەڵام خۆیان هۆکاربوون بۆ هەڵگیرسانی دوو جەنگی جیهانی کە بەهۆیەوە ملیۆنان مرۆڤ کوژران”.
کەنعانی گوتیشی، “دەسەڵاتدارانی ئێران چەکی کیمیاییان بۆ سەدام حسێن دەنارد، ئەوانیش لەدژی ئێمە بەکاریان دەهێنا و لەو ماوەیەدا 572 هێرشی کیمیاییان بۆ سەر وڵاتەکەمان ئەنجامدا”.