رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەگەر مۆسکۆ لەگەڵ دەسەڵاتى نوێ نەگاتە ئەنجام لە سوریا دەکشێتەوە
هەندێک لە سەرچاوە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، روسیا سەرقاڵی کشانەوەى هێزەکانیەتى لە فرۆکەخانەى “حومەیم” لە نزیک لازقیە و بەرپرسانى روسیاش باس لەوە دەکەن ئەگەر لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی وڵاتەکە نەگەنە ئەنجامێکى دڵخۆشکەر بە تەواوەتى پاشەکشە دەکەن.
بەرپرسێکی ئەمنى باڵای سوریا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، رۆژی رابوردوو فڕۆکەیەکى بارهەڵگر لە فرۆکەخانەى حومەیمەوە بەرەو لیبیا فڕیوە، لەکاتى گفتوگۆی بەرپرسانى ئەمنى نوێی سوریا لەگەڵ گەورە بەرپرسانى روسیدا پێیان راگەیاندوون کە بەرنامەیان هەیە هێزەکانیان لەو شوێنانە بکشێننەوە کە بەریەککەوتن هەیە و هێڵی رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ کشاندنەوەى بەشێک لە چەکە قورسەکان.
بەرپرسێکى باڵای ئەمنى دیکە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، بەشێک لەگەورە ئەفسەرانى رژێمى پێشوو چوونەتە نێو ئەو فرۆکەخانەیە و روسیا بەنیازە بیانباتە شوێنێکى دیکە، باسی لەوەشکردووە زانیارییان پێگەشتووە کە روسیا سەرقاڵی هەڵوەشاندووەى سیستمى بەرگریی ئێس 400ـەکەیەتى کە پێشترلەو فرۆکەخانەیەدا جێگیریی کردبوو.
عەرەب
کۆتایی ئەسەد سەرەتاى هەناردەی غازە لە قەتەرەوە بۆ تورکیا
هێشتا هەفتەیەک بەسەر روخانى ئەسەد و رژێمەکەیدا تێپەڕی نەکردووە، کە تورکەکان دەیانەوێت هەلێک بقۆزنەوە بۆ راکێشانى بۆری غازى قەتەریی بەرێگەى وڵاتەکەیاندا بۆ ئەوروپا کە ئەسەد رێگریی لێدەکرد، کە بە پرۆژەى دۆلفین بەناوبانگە.
وەک سەرچاوەکان ئاماژەى پێدەکەن، ئەو رێگرییە یەکێک بووە لەو پاڵنەرانەى کە تورکیا دەیەویست کۆتایی بە دەسەڵاتى ئەسەد بێت، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە پرۆژەى غازی دۆلفین راکێشانى بۆری غازى وڵاتى قەتەرە بەخاکی سوریادا و لەرێگەى توکیاوە دەگاتە ئەوروپا و درێژییەکەى 1500 کیلۆمەترە، هۆکارەکەشى ئەوەبووە کە ئەسەد هاوپەیمانى روسیا بووە و بەو کارە فشارەکانى سەر ئەوروپا بۆ پشتگیریی نەکردنى ئۆکراین لە کزیی دەدا.
هێڵى دۆلفین بە عەرەبستانى سعودییە و ئوردن و سوریادا تێدەپەڕێت و کاریگەریی گەورەى دەبێت لە دابینکردنى غاز بۆ ئەوروپا.
سەباح
عێراق و هەرێمى کوردستان یەکێتى پیشەسازیی و بازرگانى هاوبەش دروستدەکەن
گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی ژووری پیشەسازیی و بازرگانى هەولێر بە رۆژنامەى سەباحی راگەیاندووە، بەمەبەستى پێشخستنى هەردوو بوارى پیشەسازیی و بازرگانى لە نێوان بەغداد و هەولێر و بەمەبەستى گەشەپێدانى زیاتری عێراق بەگشتى ، پێکەوە سەندیکایەکى هاوبەش دروستدەکەن. بۆ ئەوەى ئەم هەنگاوە ببێتە خاڵی دەستپێکی بوژانەوەى پیشەسازیی و بازرگانى و پشتیوانى ئابووری نیشتمانى بکات.
جەختیشى کردوەتەوە، هەوڵەکانیان یەکدەخەن بۆ پشتیوانى کردن لە بەرهەمی ناوخۆیی و بۆ ئەو مەبەستە پشت بە قەزری بانکی دەبەستن، راشیگەیاند لیژنە هاوبەشەکانیان سەرقاڵی چارەسەکردنى کێشە یاسایی و دارایی و کارگێڕیی و هونەرییەکانن، لە لایەکى تریشەوە کامەران باجگر جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانى هەولێر بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە کۆمپانیا تورکییەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر بواری پیشەسازیی و بازرگانى کوردستان هەیە و لە ئێشتادا 1900 کۆمپانیاى تورکى لە هەرێمى کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کاردەکەن.
مەدا
رێکخراوێکى نێودەوڵەتى بوارى منداڵان لە عێراق دەکشێتەوە
رێکخراوى “ۆڵدچایڵد”ـى نێودەوڵەتى کە گرنگی بە چاودێکردنى منداڵان و لاوانى زیانلێکەوتوو دەدات لە راپۆرتێکدا ئاشکراى کردووە، کە لە عێراق دەکشێتەوە و دواى دە ساڵ کارەکانى کۆتایی پێدەهێنێت.
بەگوێرەى راپۆرتەکە رێکخراوەکەیان 10 ساڵە لەو ناوچانەدا کاردەکەن کە بەهۆی جەنگەوە زیان بە منداڵان و لاوان گەشتووە بەتایبەتى لە بوارەکانى پەروەردە، دەروونى و چاودێریکردنیان.
راشیانگەیاندووە، لە ماوەى ئەو 10 ساڵەدا 47 پرۆژەیان بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ کردووە و رۆڵیان هەبووە لە باشکردنى دۆخی وڵاتەکەدا، رێکخراوەکە لە دواى 2004ـەوە هاتووەتە عێراق و سێ نوسینگەى سەرەکی هەبووە لە بەغداد، بەسرە و هەولێر و هاوکاریی جۆراوجۆری منداڵان و لاوانیان کردووە کە بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئاماژەشیان بەوە کردوو تەنها لە فەلوجە و رومادی نزیکەى1400 منداڵ سودیان لە پرۆژەکانیان وەرگرتووە.
فلوترا گورانا بەڕێوەبەرى رێکخراوەکە لە عێراق رایگەیاندووە، هەست دەکەین بارودۆخی منداڵان و لاوانى عێراق بەرەو باشتر رۆشتووە، بۆیە ئەرکی ئێمە بەرەوتەوابوون دەڕوات و شانازیی دەکەین بەو کارانەوە کە بۆ عێراقییەکانمان کردووە.
رۆژنامە تورکییەکان
میللییەت
جەهەپە ستراتیژی نوێ بۆ سوریا ئاشکرادەکات
وابڕیارە ئەنجومەنی سەرکردایەتی جەهەپە رۆژى دوو شەممە، لەژێر ناوی سیاسەتی دەرەوە و پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان کۆفڕانسێک ببەستێت کە تەوەری سەرەکی دۆسیەى سوریا دەبێت.
جەهەپە دەیەوێت ستراتیژی نوێی پارتەکەى دەربارەی سوریا تاوتوێ دەکات و پاشان سیاسەتی خۆی بۆ رایگشتی ئاشکرا دەکات.
ئەم کۆنفڕانسەى جەهەپە لەپاش ئەوە هات کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە دەربارەی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا رەخنەى توندی لە جەهەپە گرت.
یەنیچاخ
سەرۆکی ئیی پارتی: دەبێت پشتێنەى ئەمنیی لە سوریا دروست بکرێت
موسەفات دەروێشئۆغڵو سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی رایگەیاند، پێویستە رێگە بگیرێت لە رێڕەوى نێوان پەکەکە لە عێراق و لە سوریا بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت پشتێنەى ئەمنیی لەو نێوەندەدا دروست بکرێت تاکوو رێگە نەدرێت بە هاتۆچۆی پەکەکە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە.
ئایدنڵک
ئەنقەرە بە سێ قۆناغ روبەڕووی یەپەگە دەبێتەوە
نیگەرانییەکانی ئەنقەرە لە سوریای نوێ دەربارەی یەپەگە بەردەواممە و ئەنقەرە دەیەوێت بە سێ قۆناغ رێگریی بکات لە پێشڕەوییەکانی یەپەگە لەنێو خاکی سوریا.
یەکەم: روبەڕووی ئەو پێکهاتانە ببێتەوە کە بە رەچەڵەک سوریی نین و لەنێو “یەپەگە”دان.
دووەم: هانی ئەوانە بدات کە بە رەچەڵەک سورین و تا لەنێو خاکی سوریا بچنە دەرەوە.
سێیەم: ئەوانەشی پەکەکە نین و لەنێو ریزەکانی یەپەگەدان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سویا رێکبکەون و بگەڕێنەوە سەر ژیانی خۆیان.
قەرار
داودئۆغڵو: سیاسەتی ئەردۆغان لەسەر سوریا سیاسەتێکی دروست بووە
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە رایگەیاند، ئەو سیاسەتەى سەرۆککۆمار، سەرۆکی میت و وەزیری بەرگریی تورکیا لەسەر سوریا پەیڕەویان کردووە سیاسەتێکی دروست بووە.
داودئۆغڵو لەمیانەى بەشداریکردنی مەراسیمی پێنجەمین ساڵیادی دروستبونی پارتەکەیدا پەیامێکی بۆ ئاک پارتییەکان نارد و رایگەیاند، خوشک و براکانم لەنێو ریزەکانی ئاک پارتی من لە ئێوە نیگەران نیم، من یەکێک بووم لە ئێوە و تائێستاش خۆم بە یەکێک لە ئێوە دەزانم.
رۆژنامە فارسییەکان
ئاسیا
ئەو هێلکانەی لە ئێرانەوە هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن پیسن
زۆرجار هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرهەمی ئێران بەهۆی کوالیتی کەم ناڕازین و ئەمجارەش ناڕەزایەتییەکان بەرۆکی هێلکەی گرتوەتەوە.
هێلکەی ئێران کە پێشتر کوالیتی باش بوو، ئێستا بەهۆی قۆرخکاری لە هەناردەکردن و هەڵبژاردنی هەندێک کۆمپانیای دیاریکراودا کوالیتی ستانداردی خۆی لەدەستداوە.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو هێلکەی هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراون لە هەندێک حاڵەتدا پیس بوون و کوالیتیان خراپ بووە.
چالاکانی بازاڕ نیگەرانن لەوەی کە ئەم دۆخە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی فرۆشی ئێران لە عێراق و وڵاتانی دیکەی وەک تورکیا و پاکستانیش.
مەردوم سالاری
لە ماوەی ساڵێکدا 27 هەزار کەلوپەلی مێژوویی قاچاخ دەستیان بەسەردا گیراوە
حەسەن مێهری، فەرماندەی یەکەی پاراستنی میراتی مێژوویی رایگەیاند، لە ساڵێکدا 2564 تۆمەتباری قاچاخی شوێنەوار دەستگیرکراون و زیاتر لە 27000 کەلوپەلی مێژوویی دۆزراونەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە 41000 بەرهەمی تۆمارکراوی نیشتمانی و 251 مۆزەخانە لە ئێراندا جەختی لەوە کردەوە کە “پاراستنی ئەم شوێنەوارانە بە بەشداریی گشتیی خەڵک باشتر بووە”.
ئارمانی ئیمروز
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە کڕینی خانوو تێیاندا زۆرسەختە
بازاڕی خانووبەرە لە ئێران و تورکیا تووشی هەڵاوسانی بەرز بووەتەوە.
ئامارەکان دەریدەخەن لە کاتێکدا نرخی خانووبەرەی تورکیا لە ئێران زیاترە، بەڵام ئێرانییەکان لەم وڵاتەدا خانوو بکڕن، بۆیان ئاسانترە.
بە گوێرەی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، رێژەی نرخی خانوو بەرامبەر بە داهات لە ئێران 23 هێندەیە، بەمەش دەبێتە 12هەمین وڵاتی سەختی جیهان بۆ کڕینی خانوو، لە کاتێکدا رێژەی کڕینی خانوو لە تورکیا بەرامبەر داهات 11 هێندەیە و تورکیاش لە پلەی 63 دایە.
بەم شێوەیە کڕینی خانوو لە تورکیا 51 پلە ئاسانترە لە ئێران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ساڵی 2021 ئێرانییەکان بە کڕینی 10 هەزار و 56 خانوو، ژمارەی پێوانەیی کڕینی خانووبەرەیان لە تورکیا تۆمارکردووە.
ئەبرار
رێژەی بەساڵاچووان لە ئێران لە بەرزبوونەوەدایە
رێکخراوی لێکۆڵینەوەی دانیشتوانی ئێران رایگەیاند، رێژەی بەساڵاچوو لە ئێران بە خێراییەکی بێوێنە لە زیادبووندا.
دەشڵێت، کە ژمارەی دانیشتوانی سەروو 60 ساڵ لە ئێستادا بە پێنج هێندەی رێژەی گەشەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لە زیادبووندایە.
زۆربوونی بەساڵاچووان بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی منداڵبوون و باشتربوونی بارودۆخی تەندروستی و ئابووری کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی مردن لە تەمەنی پیریدا و بەرزبوونەوەی ئومێد بۆ ژیانی زیاتر.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، لە ساڵی 2050دا نزیکەی 33٪ی دانیشتوانی ئێران بەساڵاچوو دەبن. ئەم پرۆسەیە هاوشێوەی دۆخی وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ژاپۆن دەبێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تەلەگراف
کەسایەتییەکی کاریگەری چینی دەچێتە قووڵایی حکومەتی بەریتانیاوە
وەرگێڕێکی چینی کە ماوەی چەندین دەیە لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بەریتانیا کاری کردووە، وێبسایتێکی بەڕێوەبردووە کە تۆمەتبارە بە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەکانی پارتی کۆمۆنیستی چینی دروستکردنی کاریگەریی پارتەکە لە جیهاندا.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ئەو کارمەندە چینییە هێندە لە سەرکردایەتی چینەوە نزیک بووە لە ژەمێکدا لە ساڵی 2015دا تەنها دوو کورسی لە نزیک شی جینپینگی سەرۆکی چینەوە دانیشتووە. ئەو کەسە دوو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاشی لە نزیکەوە بینیوە، ئەمەش نیگەرانی لەبارەی دەستڕاگەیشتنی چین بە حکومەتی بەریتانیا دروستکردووە.
عەرەب نیوز
لووتکەی عەقەبە داوای گفتوگۆی گشتگیر دەکات لە سوریا
وەزیرانی دەروەی هەشت وڵاتی عەرەبی لە شاری عەقەبەی وڵاتی ئوردن لەبارەی دۆخی سوریا کۆبوونەوە و داوای دەستاودەستکردنێکی گشتگیرانەی دەسەڵاتیان کرد لە سوریا.
هەر لە دوای کۆبوونەوەکەشیاندا داوایان لە دەرچوونی سوپای ئیسرائیل کرد لە خاکی سوریا.
وڵاتانی ئەندام پێکهاتبوون لە ئوردن، سعودیە، عێراق، میسر، لوبنان، ئیمارات، قەتەر و بەحرەین. داوایانکرد بە پشتگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاریی عەرەبی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتییانە لە سوریا ئاڵوگۆڕ بکرێت بەشێوەیەک هەموو گرووپێکی سیاسیی لە حکومڕانیی وڵاتەکەدا بەشداریی پێبکرێت.
ئۆرشەلیم پۆست
درووزەکانی سوریا داوا دەکەن خاکەکەیان بخرێتە سەر ئیسرائیل
چەندین ڤیدۆ لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە کە تیایدا چەندین کەسایەتی گوندی هادەر، کە دەکەوێت دیوی سوریای بەرزاییەکانی جۆلان، داوا دەکەن ناوچەکەیان بە خاکی ئیسرائیلەوە بلکێنریت.
لە یەکێک لە گرتەکاندا دەردەکەوێت پیاوێکی ئەو گوندە دەڵێت، ئەگەر بەدەست خۆمان بێت ئەوە داوادەکەین بە خاکی ئیسرائیلەوە بلکێنرێین و لەنێوان خراپ و خراپتردا، خراپ هەڵدەبژێرن. دەشڵێت، ئەو بەنوێنەرایەتی چەندین گوندی ناوچەکەوە قسە دەکات و دەیەوێت خەڵکەکەی لەژێر زوڵم و ستەمدا دەربهێنێت.