زووم…
هێزەکانی سوریای دیموکرات رەتیدەکاتەوە ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا لە ناوچەکانی ژێردەستی ئەوانەوە ئاسانکاری بۆ کرابێت بچێتە عێراق.
هەسەدە لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی هەواڵێکی کەناڵی جەزیرەی داوەتەوە کە دەڵێت، هەسەدە ئاسانکاری بۆ هەڵاتنی ماهیر ئەسەد کردووە بەرەو عێراق.
لە راگەیەنراوەکەی هەسەدەدا هاتووە، هەواڵەکەی جەزیرە سەرلەبەری ناڕاستە و ئامانج لێی هێرشکردنە سەر هێزەکانی هەسەدە و خەڵکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریایە.
هەسەدە رەتیشیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ماهیر ئەسەد هەبووبێت وەک ئەوەی کەناڵی جەزیرە بە هاوبەشی بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان ناوی بردوون.
هەسەدە دەڵێت، لەو کاتەی ماهیر ئەسەد هەڵاتووە، سنووری سوریا و عێراق لە رۆژئاوای دێرەزوور کراوە بووە و زیاتر لە سێ هەزار سەرباز و ئەفسەری سوری چوونەتە خاکی عێراق و پێشوازییان لێکراوە و براونەتە شوێنی سەلامەت.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، ماهیر ئەسەد ئاگاداری پلانی هەڵاتنی بەشار ئەسەد نەبووە و دوای هەڵاتنی ئەسەد، ئەمیش خۆی گەیاندووەتە عێراق و لەوێوە چووەتە مۆسکۆ.
ماهیر ئەسەد فەرماندەی فیرقەی چواری سوپای رژێمی پێشووی سوریا بووە و بە کەسی دووەمی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد ناسراوە.