ئەمڕۆ پەرلەمانی کۆریای باشوور جارێکی دیکە لێپرسینەوە لە یۆیون سوک یول، سەرۆکی وڵاتەکەی بکات و هەوڵی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی بدات.
هۆکارى ئەم لێپرسینەوە لەم سەرۆکە بڕیارێکى بەپەلەى بوو، کە سەرەتای ئەم مانگە باری لەناکاوی لە وڵاتەکەى راگەیاند، ئەوەش شەقام و پەرلەمانى لەخۆى تووڕەکرد.
پەرلەمانی کۆریای باشوور هەفتەی رابردوو هەوڵی دوورخستنەوەی دا، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونى رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو، ئەمڕۆش دەنگ لەسەر دوورخستنەوەى دەدات.
پەرلەمانى کوریاى باشوور 300 ئەندامى هەیە، پێویستە 200 پەرلەمانتار لە کۆی 300 پەرلەمانتار دەنگ بە دوورخستنەوەی بدات،لەگەڵ ئەم هەوڵەشدا چاوەڕواندەکرێت هاووڵاتیان بڕژێنەوە سەر شەقامەکان.
ئەم پێشهاتە وڵاتەکەى دابەشکردووە، هەزاران کەس لەبەردەم باڵەخانەى پەرلەمان گردبوونەتەوە و پشتیوانى لە پەرلەمان دەکەن، بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆک، بە گوتەى سەرچاوەیەکى پۆلیس چاوەڕوان دەکرێت، ژمارەى ئەمانە بگاتە 200 هەزار کەس، لە هەمان کاتدا لە چەند شوێنێکى دیکە گردبوونەوە هەیە.
خۆپیشاندەران دابەشبوون، بەشێکیان پشتیوانى لە سەرۆک دەکەن و داواى دەستگیرکردنى سەرۆکى پارتى ئۆپۆزسیۆن دەکەن.