رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
دوای ئەسەد چارەنووسی حزبی بەعس نادیارە
سێ رۆژ دواى کەوتنى بەشار ئەسەد و کۆنترۆڵکردنى سوریا لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی سوریا بە فەرمی بۆ ماوەیەکى نادیار هەموو کارەکانى راگرت، بەڵام تا ئێستا پرسی چارەنوسى لقە بچووکەکەى ئەو حیزبە لە لوبنان نادیارە، بە گوێرەى دەستوورى ئەو حزبە بەشار ئەسەد سەرۆکی کردەیی و فیعلى ئەو حیزبە بووە لە هەر شوێنێک بێت.
ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەو حزبە لە لوبنان تائێستا هەڵوێستێکى رونی نییە، ئەندامێکى سەرکردایەتیش بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاند، لقى حزبى بەعس لە لوبنان چەندین ساڵ پێش لە سەرۆکایەتى بەشار ئەسەد دامەزراوە، ئێمە پێشتریش رامانگەیاندووە لقى لوبنان هیچ پەیوەندییەکى بە بەشارئەسەد و سوریاوە نییە و سەربەخۆیە.
عەرەب
ئێران بەردەوامە لەسەر پیتاندنى یۆرنیۆم و یارییەکى مەترسیدار دەکات
دواى ئەوەى هەژموونى ئێران لە ناوچەکەدا خەریکە بەرەو پاشەکشە بڕوات، بەردەوامیی لە پیتاندنى یۆرانیۆم و گەشتنى بە قۆناغێک کە نزیک ببێتەوە لە بەدەستهێنانى ئەتۆم تاکە بژاردەى ئەو وڵاتەیە بۆ ئەوەى لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە.
سەرەڕای ئەوەى شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن یارییەکى مەترسیداردەکات، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن دوور نییە لەماوەکانى داهاتوودا ئێران لەژێر زەویدا تاقیکردنەوەیەکەى ئەتۆمی بکات و جیهان و خۆشیان لەو دڵەڕاوکێیە دەربازبکەن و رایبگەیەنێت بووەتە خاوەنى ئەو چەکە سەرەڕای نیگەرانییەکانى ئاژانستى وزەى ئەتۆم.
سەرەتاى ئەم مانگە تاران رایگەیاند، گەشتوون بە رێژەى 60%ـى پیتاندن و بەوەش هەنگاوێکى زۆرباشیان بڕیوە و ئاژانسەکەش رایگەیاندووە ئێران لەو بارەیەوە هیچ هاوکارییەکیان ناکات.
قودسى عەرەبی
ئیسرائیل درۆنى وێنەگرتنى تەلەفزێۆنى پەرەپێداوە و کردویەتى بە چەکێکى مەترسیدار
لە رۆژانى رابوردوودا دانیشتوانى غەزە شایەتحاڵی گۆڕانکارییەکى گەورە بوون لەو چەکە زیرەکانەدا کە ئیسرائیل لە دژیان بەکاردەهێنرێت و دواترینیان گۆڕانکارییە لەو درۆنانەى کە تا ئێستا بۆ وێنەگرتنى ئاسایی لە لایەن میدیاکانەوە بەکارهینراون، بەگوێرەى سەرچاوەکان سوپاى ئیسرائیل گۆڕانکاریی گەورەى تێداکردووە و وێڕاى هەبوونى کامێراى وێنەگرتن و دەستنیشانکردنى شوێن، تواناى هەڵگرتنی بۆمبێکى هەیە بۆ تەقاندنەوەى ماڵێک، یان بۆ کوشتنى چەند کەسێک، جگە لەوەش چەکێکى نیشانەشکێنى زۆر هەستیاری پێوەکراوە کە بە ناسینەوەى دەموچاو یان لە لایەن ئاڕاستەکەرەکەیەوە لە دوورەوە تواناى هەیە کەسەکە بکوژێت، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە مەترسییەکانى ئەو چەکە لەکاتێکدا دروستبووە کە لە رۆژانى رابوردودا هێرشى پێکراوەتە سەر چەند کەسێک لەناو غەزەدا، جگە لەوەش لەڕێگەى زیرەکی دەستکردەوە ئەو درۆنە بچووکە دەتوانێت لە پەنجەرەى ماڵ و شوقەکانەوە بچێتە قوڵایی ژورەکان.
عەرەبی جەدید
ئەمریکییەکان متمانەیان بە ترامپ کەمبووەتەوە
بەگوێرەى راپرسییەکى ئەمریکى کە ئاسۆشیتدپرێس و نورک پرێس بۆ توێژینەوە بڵاویانکردوەتەوە، بەشێکى زۆر لە ئەمریکیەکان باوەڕیان وایە ئەو کەسانەى ترامپ بۆ سەرکردایەتى کابینەکەى دیاریکردوون ناتوانن ئەرکەکانیان بە باشى جێبەجێ بکەن، بەتایبەتى لەڕووى بەڕێوەبردنى خەرجییەکانى حکومەت.
پێدەچێت بۆ ئەو مەبەستە روبەڕووى رەزامەند نەبوونى ئەنجومەنى پیران ببنەوە، بەگوێرەى راپرسییەکە نیوەى رێکى ئەوانەى بەشدارییان کردووە لە راپرسییەکەدا رایانوایە پەلەپەلى ترامپ لە دیاریکردنى بەرپرسە باڵاکانى وڵاتدا ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ چوار ساڵی پێشووى خۆی.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، لە کۆی 10کەس سێ کەس باوەڕیان وایە کە ترامپ بتوانێت کارێکى جیاواز لە چوار ساڵی پێشووى پێشکەش بکات، بەڵام لەنێوخۆی کۆمارییەکاندا متمانەیەکى گەورە هەیە کە ترامپ بتوانێت پلانەکانى جێبەجێ بکات و لە کۆى دە کەس شەش کەسیان دەنگیان بە بەڵێ داوە بۆ سەرکەوتنى.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
ئەردۆغان: هەڵبژاردنی داهاتوو زیاتر لە 50 %ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنینەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وەک حکومەتى ئاک پارتی لە هەموو بوارێکدا ئەوەى پێویست بکات هەنگاوی بۆ دەنێین، گومانم لەوە نییە لە هەڵبژاردنى داهاتوودا دووبارە زیاتر 50٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنینەوە.
ئەردۆغان دەربارەى دۆسیەى سوریا رەخنەى لە جەهەپە گرت و گوتیی، لە قەیرانی سوریادا سیاسەتى فەشەلی جەهەپە ئاشکرا بوو.
راشیگەیاند، پێویستە سەرۆکی جەهەپە بۆچونی خۆی راشکاوانە بڵێت کە ئایا پەیەدە وەک تیرۆریست دەبینن یاخود نا؟ یان ئەوەتا سەرۆکی جەهەپە هەروەک سەرۆکی پێشووی پارتەکە لە پەیەدە و یەپەگە دەڕوانن؟
تورکیا
لە تورکیا بەکارهێنانی ئۆتومبێلی کارەبایی زیاد بووە
لەماوەى دوو ساڵدا لە تورکیا و باکوورى کوردستان ژمارەى ئۆتومبێلی کارەبایی لە شەش هەزارەوە بووەتە 154 هەزار ئۆتومبێل. وادەردەکەوێت خەڵکی تورکیا لەگەڵ بەکارهێنانی ئۆتومبێلی کارەباییدا خۆیان گونجاندبێت.
لەماوەى دوو ساڵدا ژمارەى وێستگەکانی بارگاویکردنی ئۆتومبێلی کارەبایی زیاد بووە و لەئێستادا لەسەرتاسەری تورکیا لە سێ هەزار وێستگەوە بووەتە 26هەزار وێستەگە.
قەرار
ئیمامئۆغڵو: لە دروستکردنەوەى ژێرخانی سوریا هاوکاردەبین
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ رایگەیاند، پێویستە چیتر سورییەکان باج و قوربانی نەدەن و ئەوانەشی دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان و دەخوازین ژێرخانی وڵاتەکەیان سەرلەنوێ دروستبکەنەوە ئەوا هاوکاریان دەبین.
ئیمامئۆغڵو راشیگەیاندووە، لە ئیستەنبوڵ دوو ملیۆن پەنابەری سوری دەژی، ئەوانەى دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و لەوێ سەرلەنوێ ژیان دەستپێبکەنەوە ئەوا وەک شارەونی ئیستەنبوڵ هەموو هەوڵێک و پشتیوانییەکیان دەکەن و بەشێوەیەکی باڵا هاوکاریی سورییەکان دەکەن.
یەنیچاخ
سوریا بەسەر چەند کانتۆنێکدا دابەش دەبێت
ئیسماعیل پەکین سەرۆکی خانەنشینکراوی دەزگای هەواڵگریی پێشووتری تورکیا رایگەیاندووە، هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل پلانی خۆیان لە سوریا هەیە بەنیازن سوریا بەسەر چەند کانتۆنێکدا دابەشبکەن. راشیگەیاندووە رەنگە سیستمی فیدڕاڵیش بێتە ئاراوە. دەشڵێت، پێوستە تورکیا خۆی بۆ هەموو پێشهاتێک ئامادەبکات.
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
ئێران ساڵانە 10 ملیار دۆلار بۆ پەنابەرانی ئەفغانستان خەرج دەکات
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە ئەفغانستان جەختی لەوە کردەوە کە ئێران میوانداری زیاتر لە شەش ملیۆن پەنابەری ئەفغانی دەکات و ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان خەرج دەکات.
ناوبراو رایگەیاند، کە ئەم دۆخە زەختێکی گەورەی خستۆتە سەر سەرچاوە سنووردارەکانی ئێران، لە هەمان کاتدا پشتیوانییەکی پێویستی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەرنەگرتووە.
گوتیشی، بە کشانەوەی بەپەلەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021 ئەم کێشەیە قورستر بووە و داوای هاوکاریی کرد بۆ وڵاتانی میواندار وەک ئێران و پاکستان. هەروەها جەختی لە دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیر و سەروەری یاسا لە ئەفغانستان کردەوە کە بتوانێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی پەنابەران.
مەردوم سالاری
وزەی نوێبووەوە بۆ رێگری لە کوژانەوەی گڵۆپەکانی هاتوچۆ بەکاردەهێنرێت
بەڕێوەبەری هاتوچۆی تاران رایگەیاند، کە پێویستە لە وزەی نوێبووەوە بۆ رێگری لە کوژانەوەی گڵۆپی ترافیک لە کاتی پچڕانی کارەبادا کەڵک وەربگیرێت.
حەمید بەرادەران بەڕێوەبەری هاتوچۆی تاران گوتی، تا ئێستا نزیکەی 250 سیستەمی ترافیک لایتی پایتەخت سیستەمی سۆلاریان لەسەر دانراوە و لە درێژخایەندا پلانێک بۆ بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە بۆ دابینکردنی کارەبای هەموو ترافیک لایتەکانی تاران لەبەرچاو گیراوە.
ئاسیا
12%ـی برنجە هاوردەکراوەکان لە ئێران ژەهراوین و مەترسی شێرپەنجەیان هەیە
ئەسغەر باقرزادە، نوێنەری پارلەمانی ئێران هۆشداریدا سەبارەت بە دۆخی هاوردەکردنی برنج و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و تەندروستی خۆراک.
باقرزادە به ئاماژەدان بە ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت کە %12ـی برنجی هاوردەکراو بە مادەی ئارسنیک ژەهراوییە، کە خواردنی دەبێتە هۆی کێشەی گەورە وەک شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی دەمار.
ئەبرار
70%ـی دامەزراوە پیشەسازییەکانی کرماشان بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە داخراون
وەحید ئەحمەدی، نوێنەری کرماشان لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، 70%ـی دامەزراوە پیشەسازییەکانی پارێزگاکە بە هۆی کێشەی دارایی و بانکییەوە داخراون.
هەروەها رەخنەی لە بارودۆخی نالەباری دابینکردنی خزمەتگوزاری له پارێزگای کرماشان گرت و دەڵێت، لە ئاستی شایستەیی خەڵکدا نییه.
ئەحمەدی بە ئاماژەدان بە سنوورداربوونی ئابووریی حکوومەتی ئێران، جەختی له وەبەرهێنان و پشتیوانی له کەرتی تایبەت کرد.
لەکۆتادا داوای لە بەڕێوەبەران کرد کە کێشەکانی وەک کارەبا و کۆنبوونی پێکهاتەی بیناسازی و خراپی رێگاوبانەکانی پارێزگاکە چارەسەر بکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
ئۆپۆزسیۆنی سوریا ساڵێک پێش ئێستا پلانیان بۆ رووخانی ئەسەد دانابوو
ئەبو حەسەن ئەلهاموی، سەرۆکی باڵی سەربازیی دەستەی تەحریر شام ئاشکرایکرد، گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا ماوەی ساڵێکە پلانی سەربازیی بۆ لابردنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد دادەنێن کە خۆی لە پلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ورد دەبینێتەوە کە تیایدا سەرجەم گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان هەماهەنگییەکی بەهێز لەنێوانیاندا هەبوو. ئەلهاموی بە گاردیەنی راگەیاند، گرووپەکەیان، سەرەڕای پلانەکە، چەندین ساڵە ئامادەکارییان دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر رژێمەکەی ئەسەد.
نیویۆرک تایمز
لە دەستدانی سوریا بۆ پوتین مەترسییەکان لە ئۆکراین زیاتر دەکات
کەوتنی بەشار ئەسەد لە سوریا بووە هۆی دەرخستنی لاوازیی توانا سەربازییەکانی کرێملین و کاریگەریی وڵاتەکە لەسەر ئاستی جیهاندا.
بەڵام لەدەستدانی ئەو هاوپەیمانە سەرەکییەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رەنگە تەنها پاشەکشەیەکی کاتیی بێت بۆ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا بۆ سەرکەوتنی لە جەنگی ئۆکرایندا.
شرۆڤەکاران دەڵێن، بردنەوەی جەنگ لە ئۆکراین بووەتە ئامانجێکی گشتگیر بۆ پوتین کە رەوایەتی پێدەدات هەموو ئەو زیانە ئابووریی و مرۆییانەی لە جەنگی ئۆکرایندا بەریکەوتووە بۆ پاراستنی دەوڵەتەکەیەتی و قەرەبووی زیانەکانی دەکاتەوە لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا، بەنمونەش سوریا.
ئیندپێندەنت
فەرماندەی باڵای سەربازیی بەریتانیا: توانای بەرگریکردن لە خۆمان نییە
فەرماندەیەکی پێشووی باڵای بەریتانیا، کە پێشتر لە هاوپەیمانێتی ناتودا پلەی باڵای هەبووە، رایگەیاند، بەریتانیا بەتەواوەتی ئامادە نییە بەرگریی لەخۆی بکات ئەگەر لەگەڵ روسیا بچێتە جەنگەوە و ناشتوانێت پشت بە ئەمریکا و ناوتۆ ببەستێت لە ئەگەری روودانی شتێکی وەهادا. گوتووشیەتی ڤلادیمێر پوتین لە ئێستادا بۆ جەنگێکی فراوانتر لەگەڵ ئەوروپا ئامادەیە، هەربۆیە دەبێت بەریتانیا زۆر باشتر خۆی ئامادە بکات بۆ جەنگی جیهانی سێهەم کە ئەگەری روودانی هەیە.
عەرەب نیوز
کۆمکاریی عەرەبی سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەکات بۆ ناو خاکی سوریا
کۆمکاری عەرەبی بەتووندی ئیدانەی دەستدرێژییەکانی سوپای ئیسرائیل دەکات بۆ ناو خاکی سوریا و بە مەترسییەکی جدیی بۆسەر ئاشتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی وەسفی دەکات. لە بەیاننامەیەکدا، وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاریی عەرەبی رایانگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل سەرپێچی رێککەوتننامەی ساڵی 1974ی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە.