“ئەو کەسەی وڵاتەکەی جێدەهێڵێت و رادەکات گەندەڵە یان ترسنۆکە” ئەمە لێدوانێکی بەشار ئەسەد سەرۆکی راکردووی سوریایە کە لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٢ لە چاوپێکەوتنێکیدا بەو شێوەیە باسی ئەو کەسانەی دەکرد لە رژێمەکەی جیا دەبنەوە و دژی خۆپیشاندەران ناوەستن، بەڵام هەرگیز بیری لەوە نەکردبووە قسەکەی رۆژێک دێت رووبەرووی خۆی دەبێتەوە.
ئەو دەڵێت، “کێ رادەکات، کەسێکە کە پارەی پێدراوە، کە گەندەڵە و دەچێتە دەرەوەی وڵات، یان کەسێکی ترسنۆکە و لەلایەن تیرۆرستانەوە هەڕەشەی لێکراوە و ئومێدی بە داهاتوویەکی گەش نیە و لە ترسی ئەو داهاتووە بۆ دەرەوە رادەکات، کێ رادەکات؟ یان لاوازە یان خراپە، کەسی نیشتیمانی و باش راناکات”.
ئەسەد بەم لێدوانەی ویستی خۆی وا نیشان بدات کە سەرکردەیەکی نیشتمانییە و راناکات، بەڵام دوای نزیکبوونەوەی چەکدارانی تەحریری شام لە دیمەشقی پایتەخت، رۆژی ٨ی ئەم مانگە بە نهێنی و بێئاگاداری کەس لە ترسی ئاشکرا نەبوونی سوریای بەرەو روسیا جێهێشت.
ئەسەد بەو راکردنە قسەکەی لە خۆیدا بەرجەستە بوو بەوەی بووە کەسێکی ترسنۆک و گەندەڵ، هاووڵاتیانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاڵوگۆڕی زۆریان بە گرتە ڤیدیۆکە کرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەسێک بۆی نوسیوە، ئەوە مەبەستی خۆیەتی و ئاگای لێی نیە، کەسێکی دیکەش تەنها هێمای پێکەنینی بۆ داناوە، بەکارهێنەرێکی دیکەش دەڵێت وا توانیت لەم جیهانە رابکەیت، چۆن لە دەستی خوای جیهان رادەکەیت، وەک ئاماژەیەک بۆ تاوانەکانی ئەسەد کە لە کاتی فەرمانڕەوایەتییدا دژ بە گەلەکەی ئەنجامیداوە و ناتوانێت لە دادپەروەری خوا رابکات.
کەسێکی دیکەش دەڵێت: ترسنۆک خیانەت لاواز هەموو ئەم سیفەتانە بەسەر تۆدا جێبەجێدەبێت ئەسەد.
بەشار رایکرد و لە ترسی ئاشکرا نەبوونی گوتاری دەستبەرداربوونی لە دەسەڵات پێشکەشی گەلەکەی نەکرد، هێندە بەپەلە رۆیشت کە نەیتوانی بەشێک لە بەڵگەنامە گرنگەکان لەگەڵ خۆی بەرێت و کەوتە بەردەستی هاووڵاتیانی سوریا.