رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینانشیاڵ تایمز: ئەندامانی ناتۆی ئەوروپا دەیانەوێت بودجەی بەرگری بۆ 3% زیاد بکەن
ئەندامانی ناتۆی ئەوروپا دانوستان دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئامانجی خەرجییەکانی بەرگرییان بۆ 3%ـی بەرهەمی ناوخۆیی.
ئەم هەنگاوە لە وەڵامی بەرزبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان دێت، لەوانەش ئاکامی شەڕی ئۆکرانیا و گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گۆڕەپانی سیاسی.
بە گوێرەی رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، ئامانجی ئێستای 2%، هێشتا بە تەواوی لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ئەندامەوە نەهاتووەتە دی، بەڵام فشارەکان بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامە لە گەشەکردن.
هەر بە گوێرەی رۆژنامەکە، زیادکردنی ئەم ئامانجە دەتوانێت فشارێکی گەورە بخاتە سەر بودجەی نیشتمانی، بەتایبەتی کە وڵاتانی ئەوروپا رووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچوونەکان دەبنەوە.
رۆژنامەی تایمز: پارتی کرێکاران ئەنجومەنەکان ناچار دەکات لە پشتێنەی سەوزدا بیناسازی بکەن
پارتی کرێکارانی بەریتانیا پڕۆژە یاسایەکی پێشنیاز کردووە، کە ئەنجومەنە ناوخۆییەکان مۆڵەتی بیناسازی لە ناوچە پارێزراوەکانی پشتێنە سەوزەکان بدەن.
ئەم رێوشوێنە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون و دابینکردنی خواستی پەرەسەندنی خانووبەرەیە لە وڵاتەکەدا.
ئەنجومەنەکان دەبێت پلانەکانیان پێشکەش بکەن بۆ دوو هێندە بیناسازی و ئازادکردنی هەندێک زەوی پشتێنەی سەوز بۆ گەشەپێدان.
رەخنەگران پێیان وایە ئەم رێوشوێنە دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی ژینگە و کەمبوونەوەی فەزای سەوزایی، هاوکات لایەنگرانی جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کەمیی خانووبەرە دەکەنەوە.
ئۆرشەلیم پۆست: رێککەوتنی غەزە نزیکە
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە بەم نزیکانە رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بکرێت.
لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر و میسر جەختی لەوە کردەوە، کە هەوڵەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم رێککەوتنە بەردەوامن، کە بریتی دەبێت لە ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ زیندانیانی فەلەستینی.
سولیڤان ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئەمریکا پاڵپشتی دانوستانەکانی کردووە و داوای جێبەجێکردنی خێرای کردووە.
هاوکات راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە کاربەدەستانی ئیسرائیل رووبەڕووی ئاستەنگە ناوخۆییەکان دەبنەوە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی کۆتایی.
دەیلی تەلەگراف: سەرەڕای دژایەتییەکان کێڵگە باییەکان فراوانتر دەبن
وەزیری وزەی بەریتانیا، ئێد میلیباند پلانێکی بۆ پۆلێنکردنی تۆرباینەکانی با و کێڵگە خۆرییەکان وەک “پڕۆژەی ژێرخانی گرنگ لە ئاستی نیشتمانیدا” خستەڕوو.
ئەم گۆڕانکارییە دەسەڵاتی ئەنجومەنی ناوخۆیی و کۆمەڵگاکان بۆ رەتکردنەوە، یان دەستکاریکردنی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە سنووردار دەکات.
چاکسازییەکان، کە بەشێکن لە پلانی نەهێشتنی کاربۆن تا ساڵی 2030، ئامانجیان راکێشانی وەبەرهێنانی بەرفراوانە.
لە کاتێکدا پلانەکە وەک هەنگاوێک بەرەو ئاسایشی وزە و کەمکردنەوەی تێچوونەکان بانگەشەی بۆ کراوە، دژایەتی گشتی و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچە گوندنشینەکان هێشتا مشتومڕی لەسەرە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: دزەپێکەری دۆکیۆمێنتی ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سوریا ناسنامەی خۆی ئاشکرادەکات
خوێنتان سەرکەوت و ئەسەد کەوت، بەم دەستەواژەیە چالاکێکی بواری مافەکانی مرۆڤی سوریا، کە ناوی ئوسامە عوسمانە، باس لە قوربانیانی ئەشکەنجە و داپڵۆسین و سەرکوتکاریەکانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد دەکات.
لە ساڵی 2014ـوە هەردوو ناوی قەیسەر و سامی، لەگەڵ ناوی دۆسیەی ئەشکەنجەدانی زیندانەکانی سوریا دەهاتن.
وێنە تۆقێنەرەکانیان لە زیندانەکانی سوریاوە دزەپێدەکرد، ئەو وێنانە ویژدانی جیهانی هەژاند، هەروەها وای لە ئەمریکا کرد سزای توند بەسەر رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتوو بسەپێنێت، کە بە یاسای قەیسەر ناسراوە.
قودسی عەرەبی: سوریا پەرلەمان و دەستوری هەڵپەسارد و هەشت دەوڵەت کاروباری باڵیۆزخانەکانیان دەستپێکردەوە
ئیدارەی نوێی سوریا رایگەیاند، پەرلەمان و دەستوری وڵاتەکەیان هەڵپەساردوە و لیژنەیەکیان لە شارەزایان پێکهێناوە بۆ نووسینەوە و هەموارکردنەوەی دەستوری ئەو وڵاتە.
پێدەچێت هەر لەو ماوەیەشدا بڕیار لەسەر ئەوە بدرێ کە سیستمی داهاتووی حوکمڕانی ئەو وڵاتە سەرۆکایەتی دەبێت یاخود پەرلەمانی.
عەرەبی جەدید: ئیسرائیل سورییەکانی قونەیتەڕەیان ناچارکردووە شوێنەکانیان جێبهێڵن
لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخەی سوریا، ئیسرائیل بەهەلی دەزانێت دەستوەردان لە خاکی سوریا ئەنجامبدات و ئیدارەی پرۆسە سەربازییەکانیش لەو وڵاتە ناتوانن رووبەڕوویان ببنەوە، چ لە رووی سەربازیی یاخود سیاسییەوە بێت.
ئەو بەهەلزانینەی ئیسرائیل وایکردووە، لەشکرکێشی لە رووبەرێکی فراوانی خاکی سوریا ئەنجامدات و گوندەوار و شوێنەکانی دەوروبەری پارێزگای قونەیتەڕە ناچار بە کۆچپێکردن و جێهێشتنی شوێنەکانیان بکات.
سوپای ئیسرائیلیش بەردەوامە لە وێرانکردنی ژێرخانە سەربازییەکانی سوریا و زۆرینەی هەرەزۆری لە رۆژانی رابردوو وێران و خاپوور کردووە.
عەرەب: هەنگاوەکانی تورکیا و قەتەر بۆ رێگرییکردنە لە هەژموونی روسیا و ئیمارات لە سوریای نوێ
سەردانی هاوکاتی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا، ئیبراهیم کەڵن و بەرپرسی دەزگای ئاسایشی دەوڵەتی قەتەر، خەلفان بن عەلی بن خەلفان، رەنگدانەوەی ئەو هەنگاوە خێرایانەی تورکیا و قەتەرە بۆ رێکخستنەکانی قۆناغی داهاتوو لە سوریا و رێگریکردن لە هەنگاوەکانی ئیمارات و روسیا.
هەنگاوەکانی تورکیا و قەتەر لە لایەک و ئیمارات و روسیا لە لایەکی دیکەوە، هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ دانانی نەخش و کاریگەریی لەسەر داهاتووی سوریا، بەر لە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا: تورکەکان بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتانی دەرەوە خانوو دەکڕن
لە ماوەی 12 منگدا تورکەکان بە بەهای دوو ملیار دۆلار یەکەی نیشتەجێبونیان بە مەبەستی وەبەرهێنان لە وڵاتانی دەرەوە کڕیوە.
بە گوێرەی رۆژنامەی تورکیا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی دیکە ژمارەکە زیاد بووە.
هەر بە گوێرەی رۆژنامەکە، کە لە داتاکان وەریگرتووە، زۆربەیان خانوویان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کڕیوە. لەپاش ئەمریکاش بەریتانیا و سویسرا دێت.
یەنیچاخ: ژیانکردن لە ئیستانبوڵ گران بووە
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی پلاندانانی ئەستەمبوڵ لە مانگی تشرینی دووەمدا تێچووی ژیانکردن لە ئیستانبوڵ بە بەراورد لەگەڵ مانگەکانی پێشووتردا زیاتر بووە. بە گوێرەی راپۆرتەکە خەرجی چوار کەس لە مانگێکدا لەو شارە گەیشتۆتە 75 هەزار و 717 لیرە کە دەکاتە نزیکەی دوو هەزار و 200 دۆلار.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە تێچووی خەرجی خێزانێکی چوار کەسی لە مانگی تشرینی دووەمدا بە بەراورد بە مانگی پێشووتر بڕی هەزار و 907 لیرە زیادیکردووە.
یەنی مێساج: 36 ملیۆن گەشتیاری رووس سەردانی ئەنتاڵیاـیان کردووە
سەرەڕای هەبوونی قەیرانی گەورە لە وڵاتەکەیان گەشتیارە رووسەکان بە پلەی یەکەم دێن سەردانی ئەنتاڵیا دەکەن.
لە ماوەی 10 ساڵدا 112 ملیۆن و 722 هەزار گەشتیاری بیانی لە وڵاتانی دەرەوە سەردانی ئەنتاڵیایان کردووە.
لەو رێژەیەش 36 ملیۆن گەشتیار رووسی بوون و بە پلەی یەکەم رووسەکان سەردانی ئەنتاڵیایان کردووە لەپاش ئەوانیش 25 ملیۆن و 545 هەزار گەشتیاریی ئەڵمان سەردانی ئەنتاڵیایان کردووە و بە پلەی دووەم دێن.
یەنی بیرلیک: بلینکن لەگەڵ ئەردۆغان تاوتوێی پرسی تیرۆریان کردووە
لە سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەربارەی دۆسیەی تیرۆر لە سوریا گفتوگۆیان کردووە.
بلینکن پێداگریی لە هەماهەنگی و روبەڕووبونەوەی داعش لە ناوچەکە کردووە و ئەردۆغانیش داوای لە بلینکن کردووە وڵاتەکەی هەماهەنگی زیاتر نیشان بدات لە رووبەڕووبونەوەی پەکەکە.