25
یانەی دهۆک بەردەوامە لەسەر بردنەوەکانی ئەم هەفتەیەش لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
لە هەفتەی ١١ خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک بووە میوانی حدود.
تایمی یەکەم یانەی میوان باشتر بینران و لە ئاکامی هێرشەکانیدا بە دوو گۆڵی پاشەنگ عەبدوڵا و پیتەر گۆرگیس کۆتایی بەو تایمە هێنا.
تایمی دووەم یانەی دهۆک دەستپێشخەری گۆڵی کردەوە و زاکیری و کۆمۆسۆن دوو گۆڵی دیکەیان بۆ دهۆک تۆمارکرد.
هەرچەندە عەلی کەریم گۆڵێکی بۆ حدود تۆمارکرد، بەڵام نەبووە فریادرەسی یانەکە و لە کۆتاییدا یارییەکە بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بەسودی دهۆک کۆتایی هات.
بەو بردنەوەیە دهۆک بە ۱۱ خاڵ لە پلەی ۱۷ ریزبەندییە، بەڵام سێ یاریی کەمتری ئەنجامداوە، حدودیش بە سێ خاڵ لە دوا تیپی ریزبەندییەکەیە.