زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
حورییەت
هەر فریا دەکەون خۆیان بگەیەننە تورکیا
دوای ئەوەی ئەنقەرە هەڵوێستی روونی لەبارەی یەپەگەوە ئاشکرا کرد، سبەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆی دەگەیەنێتە تورکیا.
رۆژەڤی سەردانەکەی سەرەتای هەفتەی داهاتووی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپاش بریتی دەبێت لە پرسی ئاوارەکان.
بلینکن لە دوا ساتەکاندا روگەی خۆی بەرەو تورکیا گۆڕی، رۆژەڤی گفتوگۆکانی بریتی دەبێت لەو یارمەتییانەی ئەمریکا دەداتە یەپەگە.
تورکیا دەیەوێت یەپەگە 30 کم لە لە سنوورەکانی تورکیا دوور بکەوێتەوە. لەم بارەیەوە لە مەنبج گەیشتوون بەشوێنێک بەڵام لە رۆژهەڵاتی فورات هێشتا یەپەگەی لێماوە.
باشە ئەگەر ئەمریکا ئامادەنەبوو هەماهەنگی بکات لە رۆژهەڵاتی فورات بۆ کشانەوەیان، ئەوکات چی روو دەدات؟
تورکیا سورە لەسەر داواکارییەکانی، وەک لە زاری هاکان فیدانەوە ئاشکرا کرا کاتێک گوتی “لەگەڵ دۆستە ئەمریکیەکانماندا لە قسە و پەیوەندیداین، لەبارەی یەپەگەوە، وەڵامی ئەو هەڕەشانە دەدەینەوە کە لەم گروپانەوە دەکرێتە سەر تورکیا، قسەکانیان لەم بارەیەوە ئەوەمان پێ دەڵێن، ئەگەر پەکەکە\پەیەدە لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی، تورکیاش دەکەوێتە خۆی. هەرگیز تورکیا رێگە بە دروستکردنی دەوڵەتی پەکەکە\ پەیەدە نادات “.
سەباح
هەرکات یەپەگە دەدۆڕێت ئەمریکا تەنگەتاو دەبێت
دوای ئەوەی سوپای نیشتیمانیی سوریا لە تەلرەفعەت و مەنبج و دێرەزوور ناوچەکانیان لە چنگی یەپەگە دەرهێنا، ئێستا ئامانجی نوێیان لە رەقە هەیە، ئەمریکا بەو رووداوانە تەنگەتاو بووە.
ئێستا عەین عەرەب( کۆبانێ)، قامشلی و حەسەکەیان بەدەستەوە ماوە، کاتێک دەزانن ناتوانن لەوێش بمێننەوە، یەگەپە خۆی و حیمایەکەی(ئەمریکا) کەوتنە پەلەقاژە. کۆتاییهاتنی یەپەگە هەموو پلانەکانی ئەمریکا تێک دەدات. بۆیە ئەمریکا ناخوازێت کارتی یەپەگە لەدەست خۆی بدات و هەموو رێگایە تاقی دەکاتەوە تاوەکو یەپەگە رێکبخاتەوە.
سۆزجو
خەیاڵپڵاو مەبن بە زیادەوە ئاوارەمان لە سوریاوە بۆ دێتەوە
خەیاڵەکە ئەوەیە، سورییەکان دەڕۆنەوە، بەڵام راستییەکە و نیگەرانییەکە ئەوەیە بە زیادەوە دێنەوە.
لەگەڵ سوریا 10 خاڵی سنووریمان هەیە، بەڵام ئاواروەکان زیاتر خاڵی سنووری جیلڤەگۆزو لەگەڵ ئۆنجوپنار بەکار دەهێنن، هەرچی گەڕانەوەشە لە خاڵەکانی یایلادغ و زەیتینداڵ سنووردار کراون، لە کارکامش، چۆبان بەی، نوسایبین و ئاکچاکالە زۆر بەکار بایەن، لە جەیلانپنار، مورشیتپنار و شەنیورت هەموویان داخراون.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
سوریاى نوێ ئازادییە ئاینییەکان دەستەبەر دەکات
محەمەد بەشیر سەرۆکی حکومەتى راگوزەرى سوریا رایگەیاند، ئۆپۆزسیۆن بە سەرکرایەتیى بەرەى تەحریری شام ماف و ئازادیی هەموو ئاینەکان دەستەبەر دەکات، محەمەد بەشیر تا ئاداری داهاتوو سەرۆکایەتىی حکومەتێکى راگوزەر دەکات، لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ رۆژنامەیەکى ئیتاڵی رایگەیاند بە هۆی هەڵەى کارکردنى بەشێک لە لایەنە ئیسلامییەکانەوە وایکردووە ئیسلام و تیرۆر پێکەوە گرێ بدرێن، ئەو راستییەى تێکداوە کە ئیسلام ئاینى دادپەروەرییە، ئێمە وەک خۆمان مافى هەموو هاووڵاتییەکى سوریی دەپارێزین.
سەباح
عێراق لیژنەی بۆ چارەسەرى کێشەکانی لەگەڵ تورکیا پێکهێناوە
قەیس مەحمەداوى جێگری فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق رایگەیاند پێشێلکارییەکانى تورکیا لە عێراق لە لایەن وەزارەتى دەرەوە تۆماردەکرێت، بەردەوام چاویان لەسەریەتى، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتى بەرگرییەوە چاودێرییان دەکرێت، ئەو دۆسیەیە لەگەڵ تورکیا زۆر ئاڵۆزە، چارەسەرکردنیان کەمێک قورسە لە پێشدا دەبێت کێشەکان لەیەکتری جیابکەینەوە لەبەر ئەوەى دۆسیەى زۆر لەگەڵ تورکیا هەیە، لە نموونەى، رێگەى گەشەپێدان، سنوورى هاوبەش، ئاو، بۆریی نەوت، بازرگانى، ئەوەش پێوستى بە هاوکاریی و تێگەیشتنى زیاترە، لیژنەیەکیان پێکهێناوە کە لە ژمارەیەک وەزیر پێکدێن، بۆ دۆزینەوەى رێگەچارەی گونجاوى کێشەکانى نێوان هەردوو وڵات، گوتیشى لیژنەکە سەرقاڵی کارەکانێتى و هیوادارن تورکیا لە سەروەریی عێراق تێبگات و کێشەکانى نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بکرێن.
دەستوور
گۆڕانکارییەکانى سوریا سودانى ناچار کرد بەپەلە بگاتە ئوردن
گۆڕانکارییە خێراکانى سوریا محەمەد شیاع سودانى ناچارکردووە بچێتە وڵاتى ئوردن و پێکەوە مەترسییەکانى پەڕینەوەى کێشەکانى ئەو وڵاتە بۆ عێراق و ئوردن تاوتوێ بکەن.
بەگوێرەى زانیارییەکانى سەرچاوەیەکى باڵاى عێراقى کە بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، عێراق ترسى لە داهاتووى حکومەتى سوریا هەیە و دەترسێت کاریگەری لەسەر عێراق دروستبکات، هەردوو وڵات سنوورێکى فراوانیان بە سوریاوە هە یە، بۆشایی ئەمنى و ئیداریی لە سوریا دەبێتە مایەى کێشە بۆ هەردوو وڵات، بەو هۆیەشەوە گروپە توندڕەوەکان ببوژێنەوە و دزە بکەنە نێو خاکی هەردوولا، ئەوە لە کاتێکدا عێراق زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری بە سوریاوە هەیەو زیاتر لە 280 هەزار پەنابەرى لەعێراقدا ماونەتەوە.
مەدا
عێراقییەکان بۆ دۆزینەوەى کەسوکاریان زیندانەکانى سوریا دەگەڕێن
دواى دەرکەوتن و گەڕانەوەى پێشمەرگەیەک بە ناوى عیسا عەبدوڵا لە زیندانەکانى دیمەشق، رێکخراو و خێزان و کەسوکارى ئەو عێراقییانەى چارەنووسیان نادیارە بە پەرۆشەوە بە دواى چارەنووسیى کەسە بێسەروشوێنەکانیان دەگەڕێن.
چالاکانى عێراق رایانگەیاندووە ژمارەیەک لە عێراقییەکان ئازادکراون و گەڕاونەتەوە، بەڵام لە ترسی لێپێچنەوە و دەزگا ئەمنییەکان ناوێرن ئاشکراى بکەن، تا جارێکى دیکە نەچنەوە زیندان.
موختارموسەوى ئەندامی لیژنەى پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند ئەوان بەشێوەیەکى فەرمی بە دواى ئەو عێراقییانەدا دەگەڕێن کە لە سوریا دەستگیرکراون، بەڵام لە ئێستادا هیچ پەیوەندییەکى فەرمییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانى نوێدا نییە.
لیوا بەختیار عومەر ئەمیندارى گشتیى هێزى پێشمەرگەى کوردستانیش رایگەیاندووە، پەیوەندییە تایبەت و کەسییەکانى خۆیان بەکارهێناوە بۆ دۆزینەوەى ئەو کەسانەى کە لەلایەن رژێمى پێشووى سوریاوە دەستگیرکراون و چارەنووسیان نادیارە.
رۆژنامەکە دەڵێت، پێدەچێت عیرفان عەلى عەبدولعەزیز رابەرى گشتى بزووتنەوەى ئیسلامی بتوانێت لەوبوارەدا هاوکارییان بکات چونکە پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە ئیسلامییەکان هەیە بەتایبەتى ئەبومحەمەد جۆلانى و بەرەى تەحریری شام.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
فەرمانگەکانی حکومەت پانێڵی وزەی خۆریان بۆ دادەنرێت
مەسعود پزشکیان سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: فەرمانگە حکومییەکان پانێڵی وزەی خۆریان بۆ دابین دەکرێت، لە هەمانکاتدا نابێت کارەبای ناوەندە پیشەسازییەکان ببڕێت، بەبیانووی ناهاوسەنگیی وزە، چونکە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان.
پزشکیان هەروەها پلانەکانی حکومەتی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاک لە رێگەی پانێڵی خۆر و وێستگەی وزەی بای خستەڕوو و جەختی لە پاڵپشتی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لەم بوارەدا کردەوە.
ئیقتسادی میللی
ئێران لە نەشتەرگەریی لووت لە پلەی یەکەمی جیهاندایە
نەشتەرگەریی جوانکاری لەنێو مێرمنداڵان بەتایبەتی لە نێوان تەمەنی 14 بۆ 18 ساڵدا لە زیادبووندایە.
عەلیرەزا سابیری سکرتێری کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری جوانکاری ئێران دەڵێت، لە هەر 100 نەخۆش 30 دانەیان جوانکارییان دەوێت.
پسپۆڕانی دەروونی هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم رەوتە رەنگە لە داهاتوودا ببێتە هۆی تێکچوونی دەروونی و کێشەی متمانە بەخۆبوون.
هەروەها شارەزایان ئامۆژگاری خێزانەکان دەکەن، مل بۆ داواکارییە دەستبەجێیەکانی منداڵەکانیان نەدەن و ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.
کار و کارگەر
ژیانی ئێستای خانەنشینان شایەنی هیچ مرۆڤێک نییە
نەسروڵڵا دەریابیگی، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی خانەنشینان رەخنەی لە بارودۆخی سەخت و تێچووی قورسی ژیان گرت و دۆخی خانەنشینانی بە “زۆر خراپ” ناوی برد.
ئەو دەڵێت، زیاتر لە 70٪ـی خانەنشینان کەمترین مووچەیان هەیە، ناتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن.
دەریابیگی پرسیاری کرد: کام بەرپرسە دەتوانێت بە مووچەی سەد دۆلار ژیان بەڕێوە ببات؟
ناوبراو داوای نەهێشتنی گەندەڵی لە بەشی چارەسەری ئاسایشی کۆمەڵایەتی کرد و جەختی لەوە کردەوە پێویستە پارێزگاری لە کەرامەتی خانەنشینان بکرێت.
ئەفکار
سەرۆککۆمار ئامادەیە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بدات بە پارێزگارەکان
سەرۆککۆماری ئێران ئامادەیی پیشانداوە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی و کابینەی وەزیران، بە پارێزگارەکان راگەیاند.
جێبەجێکردنی ئەرکەکانی حکومەت پێویستی بە رادەستکردنی دەسەڵاتەکانە بە پارێزگارەکان، لەو پێناوەدا تیمێک بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکانی پارێزگارەکان پێکهێنراوە، بەشێک لەو دەسەڵاتانە پەیوەندییان بە وەزیرەکان یان سەرۆککۆمارەوە هەیە. پارێزگارەکان پێویستیان بە دەسەڵاتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی هەموو بڕیارەکان لە تارانەوە نەدرێت.
بۆ جێگیرکردنی سیستەمی لامەرکەزی، زیادکردنی دەسەڵاتەکانی پارێزگارەکان رێکارێکی گرنگە و حکومەت پلانێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەم بابەتە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
گرووپەکانی سوریا دەچنە قووڵاییی دەوڵەتە گەندەڵەکەی ئەسەدەوە
لەماوەی پێنج دەیەی رابردوودا دامەزراوە پەککەوتووەکانی دەوڵەتی سوریا پڕبوون لە گەندەڵیی و خزمخزمێنە لەژێر حکومڕانیی بنەماڵەی ئەسەددا.
لە ئێستادا کەسانی شارەزا لەو گرووپانەی کە رژێمەکەیان رووخاند خەریکن دەست دەبەن بۆ ئەو بیرۆکراسییە ئاڵۆزەی لە حکومەتەکەدا هەبوون. بەڵێنیان داوە سوریایەکی یەکگرتوو درووست بکەن و حکومرانەکانی ئیدلیبی ژێر دەسەڵاتیان لەگەڵ وەزارەتەکانی دیمەشقدا ئاشت بکەنەوە. بەڵام بەهۆی رەگ و ریشەی ئیسلامیبوونی دەستەی تەحریری شام، کەمینەکانی ئەو وڵاتە لەوە دەترسن چۆن ئەو گرووپە دەتوانێت پەرە بە دەوڵەتێکی عەلمانی بدات.
دەیلی تەلەگراف
کاتی هاتووە باجی “قەڵەوی” بخرێتە سەر خواردنە خێراکان
دکتۆر کریس ویتتی، راوێژکاری باڵای پزیشیکیی حکومەتی بەریتانیا، بە وەزیرانی حکومەتی وڵاتەکەی راگەیاند دەبێت باجێک بەناوی باجی قەڵەوییەوە بخرێتە سەر خواردنە خێراکان بۆ ئەوەی قەڵەویی لە منداڵاندا کەمبکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی خواردن دەکات، خواردنی بەسوودتر بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکە بەرهەم بهێنن. ئەو دکتۆرە کە باڵاترین پلەی هەیە لە وڵاتەکەدا دەڵێت، منداڵان ژیانێکی ناتەندروست و کەمتر دەژین لە ئەنجامی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی قەڵەوییەوە تووشی دەبن.
عەرەب نیوز
ئەحمەد شەرع هۆکارێک شک نابات ببێتە جێی ترسی رۆژئاوا لە سوریا
ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەستەی تەحریر شام، لە چاپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی رایگەیاند هیچ هۆکاریک نییە وا بکات رۆژئاوا لە سوریا بترسێت دوای ئەوەی رژێمی بەشار ئەسەد رووخا.
ئەو دەڵێت، “ئەو ترسە لە رژێمەکەی ئەسەدەوە سەرچاوەی گرتووە. لە ئێستادا سوریا لەسەر رێگەی گەشەسەندن، بونیادنانەوە و سەقامگیرییە. وڵاتەکە لەئێستادا ئامادە نییە بۆ شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی و هیچ شەڕێکی دیکە لە وڵاتەکەدا روونادات، چونکە گەلی سوریا بەهۆی جەنگی چەند ساڵەی وڵاتەکەیانەوە ماندووبوون.
ئۆرشەلیم پۆست
سوپای ئیسرائیل هیچ پێشڕەوییەک بۆ دیمەشق ناکات
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند هیچ لە بەرنامەیاندا نییە پێشڕەویی بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا بکات، چونکە دەستەی تەحریر شام کە تازە دەسەڵاتیان لە سوریا گرتووەتە دەست ئەو هێزە زۆرەیان نییە پەلاماری ناوچەکان بدەن.
لەگەڵ ئەوەشدا چەک و جبەخانەیەکی زۆریان بۆ نەهێڵراوەتەوە تا بتوانن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆریان لەنێو براون و بەشێکی دیکەشیان دەستیان بەسەردا گیراوە.