زووم..
دوو بەرپرسی ئەمریکا دەڵێن، ئیدارەی بایدن بە هەماهەنگی هاوپەیمانانی لەنێویاندا تورکیا، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەستەی تەحریر شام و داوای کردووە خۆی سەرکردایەتیی سوریا نەکات، بەڵکو حکومەتی راگوزەر پێبکهێنێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسانە کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، ئیدارەی بایدن لە هەمان کاتدا و بۆ هەمان مەبەست لە پەیوەندیدایە لەگەڵ تیمی دۆناڵد ترەمپیش.
گفتوگۆکانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو بەشێک بوون لە هەوڵێکی گەورەتری ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپە جیاجیاکانی سوریا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پشێوییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
ئەو بەرپرسانە دەڵێن، ئەمریکا پەیامی ناردووە بۆ لایەنەکان لەپێناو بنیادنانی هەیکەلێک بۆ بەڕێوەبردنی سوریا، دەشڵێن، ئەمریکا بڕوای بەوەیە هەر حکومەتێک بێتە سەر دەسەڵات، دەبێت خواستنی هاووڵاتییانی سوریای لەسەر بێت.