زووم..
بەرپرسی بەشی ژینگەپارێزی شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، رایگەیاند هەزاران مراوی کۆچەریی لە مێرگەکانی دەرگە سەنگی و سۆڵدوزی شاری نەغەدە لە ناوچەی موکریان نیشتوونەتەوە.
ئەکبەر قائیمی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی میهر رایگەیاند: ئەو باڵندانە بۆ خۆراک و تێپەڕاندنی زستان هاتوونەتە مێرگەکانی ناوچەی موکریان و ئەگەر سەرما زیاتر بێت، ئەوا کۆچەکەیان بۆ ناوچەکانی باشووری ئێران بەردەوام دەبێت.
دەشڵێت، جگە لە مراوی، باڵندەی رەسەنی وەک سوورەقانگ و قاز و جۆری دیکەی باڵندەکان لەو مێرگانەدا دەبینرێن.
مێرگەکانی نەغەدە و بەتایبەت مێرگی سۆڵدوز، کە بە ناوچەیەکی پارێزراو ناسراوە، ساڵانه شوێنی نیشتەجێبوونی گرنگی باڵندەی کۆچەرییە رەسەنەکانە.
ئەکبەر قائیمی ئاماژەی بەوەش کردوە، ئەم مێرگانه بەهۆی بارودۆخی ژینگەیی لەباریانەوە ساڵانە میوانداری هەزاران باڵندەی کۆچەریی دەکەن.