زووم..
باسل حەموی، بەرپرسی ژووری بازرگانیی سوریا رایگەیاند، حکومەتی راگوزەری ئەو وڵاته بەنیازی گرتنەبەری مۆدێلی بازاڕی ئازاد و گرێدانی ئابووریی سوریایە به ئابووریی جیهانییەوه.
ناوبراو دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز گوتی، سیستمی نوێی ئابووری لەسەر بنەمای کێبڕکێی ئازاد دەبێت، بەڵام هێشتا ماویەتی بزانرێت ئایا گرووپەکانی وەک تەحریر شام رێگا بەم ئابوورییە دەدەن یان نا.
ساڵانێک بوو سوریا بە سیستمی سنوورداری بازرگانی و دراوی ناسراو بوو، بەڵام دوای رووخانی ئەسەد، گۆڕانکاری لە سیاسەتە ئابوورییەکاندا روویداوە و خەڵک بەئاسانی دراو ئاڵوگۆڕ دەکەن.
حەموی باسی لەوەشکردووە، بازرگانان و پیشەسازییە بیانییەکان ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ سوریا هەیە و داوای لە حکومەتی نوێ کرد هەلومەرجی گونجاو بۆ وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە دابین بکات.
ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی سووری لە دەرەوەی وڵات دەژین، زۆرێکیان خوێندەوار و دەوڵەمەندن و گەڕانەوەیان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە.