زووم..
بەهۆی شەپۆلێکی سەرما و بەفرەوە لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، پلەکانی گەرما 17 پلە لەژێر سفری تۆمارکرد و بە ساردترین پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان ناسێندرا.
بەگوێرەى هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵو، بەهۆی سەرماوە، بەستەڵەک لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم و ئەردەهان و قارسی باکووری کوردستان دروست بووە و بەو هۆیەوە لە هەندێ ناوچە ئاستەنگی هاتوچۆ دروستبووە.
بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی تورکیا، لەپاش ئەرزەڕۆم ئەردەهان بە ساردترین پارێزگای ئەو وڵاتە دیاریکراوە کە پلەی گەرمای 17 پلەی ژێر سفر تۆمار کراوە.
لە درێژەى هەواڵەکەدا هاتووە، ماوەی سێ رۆژە شەپۆلێکی سەرما و بەفر رووى لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان کردووە و بەهۆی بەستەڵەکەوە ئاستەنگی بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە.