دوو یاریزانی شەترەنجی یانەی پێشمەرگە دوای بەدەستهێنانی پلەکانی یەکەم و سێیەم بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران.
لە شاری نەینەوا و بە سەرپەرشتی یەکێتی شەترەنجی عێراق، کۆتایی هات بە قۆناغی کۆتایی پاڵەوانێتی شەترەنجی یاریزانانی عێراق، ئاکار عەلی و کارین کەمال، کە هاوسەرى یەکترن و یاریزانی یانەی پێشمەرگەن لە ناو ١٦ یاریزاندا توانییان پلەکانی یەکەم و سێیەم بەدەستبهێنن و بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێن.
لە رکابەرییەکانی کچاندا کارین کەمال یاریزانی پێشمەرگە توانی بە کۆکردنەوەی حەوت خاڵ و نیو پلەی یەکەمی پاڵەوانێتیەکە بەدەستبهێنێت.
دوای ئەنجامدانی ١١ جەولەش لە رکابەرییەکانی کوڕان، ئاکار عەلی بە حەوت خاڵ و نیو پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
ئەحمەد جەزا و رێباز ناسر، دوو یاریزانی دیکەی یانەی پێشمەرگەن لە پاڵەوانێتیەکەدا بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ و نیو پلەکانی شەشەم و حەوتەمیان بەدەستهێنا، بەڵام نەیانتوانی بگەنە ریزی هەڵبژاردەی عێراق.
دوای تەواوبوونی یارییەکانی پاڵەوانێتیەکە هەڵبژاردەی شەترەنجی عێراق، کە دوو یاریزانی کوردی تێدایە بەشداری پاڵەوانێتیەکانی ٢٠٢٥ دەکات.