ئەنچیلۆتى پێیوایە باشترین ئاستى خۆیان لە بەرامبەر ئەتەلانتا پێشکەشکردووە و پێکانەکەى ئێمباپێش فشارى ماسولکەییە.
دواى بردنەوەکەى بەرامبەر ئەتەلانتا لە چامپیۆنز لیگ، کارلۆ ئەنچیلۆتى راهێنەرى ریاڵ مەدرید ئاماژەى بەوەکرد، باشترین ئاستى خۆیان لە یارییەکەدا پێشکەشکردووە و ئەگەر لێرەدا ئەوە نەکەن، ناتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
ئەنچیلۆتى گوتى “کێبڕکێمان کرد و جەنگاین، بە جدییەوە کارمانکرد لەگەڵ پلانێکى باش و جوڵەیەکى گەورەى هێرشبەرەکان، یارییەکەش بە باشى تێپەڕى، ئێمە دڵخۆشین، نەک تەنیا لەبەر سێ خاڵەکە، بەڵکو ئەم بردنەوەیە قورسە پاڵنەرێکى باش دەبێت بۆمان”.
لە بارەى پێکانەکەى کیلیان ئێمباپێوە، ئەنچیلۆتى روونیکردەوە، تووشى فشارى ماسولکەیى بووە و نەیتوانیوە بڕوات بەڕێدا، مەترسیدار نییە، بەڵام بێزارى کردووە، هەر بۆیە گۆڕانکارییان پێکردووە و دواتر دەزانن بارودۆخى چۆن دەبێت.