زووم
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، گەلی سوریا بڕیار لە داهاتووی خۆیان دەدەن، پێویستە سەرجەم وڵاتان پشتیوانیی پرۆسەیەکی گشتگر و شەفاف بن و خۆیان لە دەستوەردان بەدوور بگرن.
دەشڵێت، ئەمریکا بەتەواوی دان بە حکومەتی داهاتووی سوریادا دەنێت و پشتیوانی لێدەکات و پشتگیری لە پرۆسەکەش دەکات، پێویستە ئەم پرۆسەی راگوزەرەش ببێتە هۆی حوکمڕانییەکی باوەڕپێکراو و گشتگر و ناتائیفی.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، کاری لەپێشینەی ئەمریکا ئەوەیە حکومەتی داهاتووی سوریا پابەند بێت بە رێزگرتنی تەواوەتی لە مافی کەمینەکان و ئاسانکارییش بکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هەموو ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، رێگریش بکرێت لەوەی سوریا ببێتە بنکەی تیرۆر و مایەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێی.
دەشڵێت، لەسەر حکومەتی داهاتوو پێویستە کاربکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی سەرجەم کۆگاکانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی بەشێوەیەکی سەلامەت لەنێوبراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو گرووپە ئۆپۆزسیۆنانەی دەیانەوێت رۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی سوریادا، دەبێت پابەندبوونی خۆیان بە مافی هەموو سوریاییەکان و سەروەریی یاسا و پاراستنی کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان نیشان بدەن.