زووم
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەسەدە، رایگەیاند بە نێوەندگریی ئەمریکا، گەیشتوونەتە رێککەوتنی ئاگربەست لە مەنبج، ئەوەش دوای رووبەڕووبوونەوەی چەند رۆژەیان لەگەڵ چەکدارانی نزیک لە تورکیا.
مەزڵوم عەبدی لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاویکردەوە، دەشڵێت، هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبج، کە لە 27ـی مانگی رابردووەوە رووبەڕووی هێرشەکان بوونەتەوە، لە نزیکترین کاتدا لە ناوچەکە دووردەخرێنەوە و شارەکە بەجێدەهێڵن.
بە گوتەی عەبدی، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتیانیاندا ئاگربەست رادەگەیەنن و ئامانجیان وەستاندنی شەڕە لە تەواوی خاکی سوریا و چوونە نێو پرۆسەیەکی سیاسییە بۆ دیاریکردنی ئایندەی ئەو وڵاتە.
شەوی رابردووش، فەرماندەی سوریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی حەدەس گوتی، پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی دیمەشق دەبێت، پێویستە هەموو کێشەکانی ناوچەکە و پێکهاتەکانی سوریا لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.
عەبدی ئامادەیی هێزەکانیانی بۆ پەیوەندیکردن بە دەسەڵاتی نوێی سوریاوە دەربڕی و گوتی، هەوڵدەدەن لەگەڵ هێزە نوێیەکان بەشداری لە کایەی سیاسیی سوریا بکەن، لەڕێی واشنتنیشەوە پەیوەندی بەدەستەی تەحریر شامەوە دەکەن، هەروەها بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لەڕێی ئەمریکاوە پەیوەندی بە تورکیاوە دەکەن.