زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
تەجارەت
پێویستە ئێران لە کوردەکانی سوریا نزیک بێتەوە
حەسەن هانیزادە پسپۆڕی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت، کە پێویستە ئێران لە کوردەکانی سووریا نزیک بێتەوە.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد، کوردەکانی سوریا یەکێک دەبن لە ئەکتەرە گرنگەکانی گۆڕەپانی سیاسی ئەم وڵاتە کە تێڕوانینێکی ئەرێنییان بۆ ئێران هەیە و پێشتریش پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دروست بووە.
دەشڵێت، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە تورکیا بە دوژمن و تیرۆریست ناویان دەبات، لەگەڵ تورکیا و گرووپە توندڕەوەکان لە شەڕدان.
ئێران بە پشتیوانی کوردەکانی سوریا دەتوانێت گوشارەکانی سەر ئەنقەرە زیاتر بکات و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سوریای نوێدا بپارێزێت و پێویستە تاران لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندی قووڵ لەگەڵ کوردەکانی سوریا دروست بکات.
خوب
فەرماندەی سوپای پاسداران: هەوڵەکانمان بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت
حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە دانیشتنی داخراوی پەرلەمان ئیدیعای کرد کە لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد، ئێران لاواز نەبووە و دەسەڵاتیشی کەم نەبووەتەوە.
فەرماندەی سوپای پاسداران جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ رووخاندنی ئیسرائیل کردەوە و رایگەیاند، کە بەرەی موقاومەت ئەمڕۆ گەیشتووەتە خۆبژێوی.
سەلامی گوتیشی، لەناوبردنی داعش و شکستی پلانەکانی ئەمریکا لەدژی جیهانی ئیسلامی و پێشهاتەکانی 15 ساڵی رابردوو لە سوریا نیشان دەدەن کە ئێران چەندە بەهێزە.
ئیمروز
ئێران ساڵانە بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار مۆز هاوردە دەکات
وەزیری کشتوکاڵ هاوردەکردنی ساڵانەی میوەی ناوچە گەرمەکان بۆ ئێرانی بە بڕی یەک ملیار دۆلار راگەیاند.
گوتیشی 700 بۆ 800 ملیۆن دۆلار لەو بڕە پارەیە تەنها بۆ هاوردەکردنی مۆز خەرج دەکرێت.
ناوبراو گوتی، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە وەبەرهێنان لە باشووری ئێران دەتوانرێت مۆز بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆیی لە ماوەی چوار ساڵدا بەرهەم بهێنرێت.
بە ئاماژەدان بە گرنگی خۆبژێوی لە کشتوکاڵدا بە گوێرەی دەستووری ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئاسایشی خۆراک لە رێگەی پەرەپێدانی زانیاریی کشتوکاڵی و بەکارهێنانی گونجاوی ئاو و خاک دەستەبەر بکرێت.
ئەبرار
پزیشکانی ئێران بۆ کۆچ دەکەن
لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا 4500 ئەندامی ستافی پزشکی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.
هەروەها لە ساڵی رابردوودا حەوت هەزار پزشک و پەرستار ئێرانیان جێهێشتبوو.
ئەم ئامارە کە لە لایەن رێکخراوی پزیشکی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە، نیشان دەدات کە لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا 11هەزار و 500 کەس لە ستافی پزشکی وڵات کۆچیان کردووە.
واقیعێک کە بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی کۆمەڵگەی پزیشکی و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان جێگا دڵخوازەکانی ئەم کۆچبەرانە بریتین لە ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا و وڵاتانی کەنداوی فارس وەک عومان، ئیمارات و قەتەر.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
تورکیا هاوکاری گەڕانەوەى پەنابەرە سورییەکان دەکات
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە دوو ملیۆن و 900 هەزار پەنابەری سوری بە فەرمی ناویان لەلاى حکومەت تۆمار کراوە. لەو ژمارەیەش 300 هەزاریان خوێندکارن یاخوود مۆڵەتی فەرمی کارکردنیان هەیە ئەمانە دەتوانن لە تورکیا بمێننەوە. بەڵام تەواوی پەنابەرەکانی دیکە بە قۆناغ دەیاننێرنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. هاوکات حکومەت هاوکاری ماددی گەڕانەوەى پەنابەرەکان دەکات بۆ گەڕانەوەیان.
یەنی شەفەق
فیدان: ئەگەر هەیە باڵیۆز لە شام بکەینەوە
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر هەلومەرجەکە گونجاو بێت ئەوا لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرلەنوێ باڵوێزی خۆمان لە شام دەکەینەوە. وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، سەقامگیریی سیاسیی و ئاسایشی سوریا لە پێشینەى داخوازییەکانى تورکیایە و لەوبارەیەوە تورکیا رۆڵی خۆی دەگێڕێت.
قەرار
پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بۆ تەمەنی 16 ساڵ دابەزی
بەگوێرەى رێکارە نوێیەکان پێدانی مۆڵەتی شۆفێری گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و لە تەمەنی 18 ساڵییەوە کراوەتە تەمەنی 16 ساڵ. هاوکات پێدانی شۆفێری پاس لە تەمەنی 26 ساڵییەوە کراوەتە تەمەنی 24 ساڵ.
ئەکشام
پەنابەرە سورییەکان دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان
لەپاش روخانی رژێمی بەشار ئەسەد پەنابەرە سورییەکانی تورکیا بە خواستی خۆیان دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. لە پاش ١١ ساڵ بۆ یەکەمجار لە خاڵی سنووری یەیلاداغ لە پارێزگای هەتای تورکیا سورییەکان بەرەو سوریا دەگەڕێنەوە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە رۆژانە ١٥ بۆ ٢٠ هەزار سوری لەو خاڵە سنورییەوە دەگەڕێنەوە ولاتی خۆیان. راشیگەیاندووە هەوڵدەدەین رێکارەکان کەم بکەینەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
نەتانیاهۆ لە ژێرزەویدا دادگایی کرا
بنیامین نەتانیاهۆ بۆ یەکەمجار و وەک یەکەم سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل چووە نێو قەفەسى تاوانباری و لە دادگایەک ژێرزەمینیی وڵاتەکەیدا وەڵامی ئەو پرسیارانەى دایەوە دادوەر سەبارەت بە چەند سکاڵایەک ئاڕاستەى کرد.
نەتانیاهۆ سێ تاوانى ئاڕاستە کراوبوون، ئەوانیش وەرگرتنى دیاریی گرانبەها لە هاوڕێ دەوڵەمەندەکانى لە بەرامبەردا کارئاسانییان بۆ بکات، وەرگرتنى بەرتیل لە میدیاکان بەتایبەتى لە رۆژنامەى یەدیعۆت ئەحرانۆتى ئیسرائیلى، هەروەها رێککەوتن لەگەڵ پێگەى “واڵا”ى ئیسرائیلى تاوەکو کارئاسانییان بۆ بکات.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە نەتانیاهۆ لە بەردەم دادگادا گوتى، ژیانم زۆر ناڕەحەتە، رۆژانە 17 بۆ 18 کاتژمێر لە نووسینگەکەم کاردەکەم، فریاى جگەرەکێشانێکى تەواو ناکەوم، ناشتوانم نە کۆمپیوتەر و نە مۆبایل بەکاربهێنم لە ترسی نەیار و دوژمنەکانم.
پێویستیشە نەتانیاهۆ لە ماوەى هەفتەیەکدا سێ جار بچێتەوە ئەو ژێر زەمینە بۆ وەرگرتنى گوتەکانى .
سەباح
بەغداد نەخشەرێگاى مامەڵەکردنى لەگەڵ سوریاى نوێدا ئاشکرا کرد
باسم عەوادی، گوتەبێژى حکومەتى عێراق نەخشەرێگاى وڵاتەکەى بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سوریاى دواى بەشار ئەسەد ئاشکراکرد و گوتى، بۆ مامەڵەکردنیان لەگەڵ سوریا یازدە رێگا دەگرینە بەر.
بەهیچ شێوەیەک دەست لە کاروبارى نێوخۆی سوریا وەرنادەن، لەگەڵ سوریا دوو وڵاتى برا و دراوسێی باش دەبن و بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، هەروەها لە داهاتوودا بیر لەوە دەکەنەوە رێگاى بازرگانییان، بەتایبەتى گواستنەوەى نەوت لەڕێى سوریاوە بگەیەنینە دەریاى سپیی ناوەڕاست، پشتیوانیی هیچ لایەنێک لە دژى لایەنێکى دیکەى سوریا ناکەن، ناچنە پەناى هیچ وڵاتێک لە کێشەى سوریا لە دژى وڵاتێکى دیکە، هەوڵ دەدەن ببینە هۆکارێکی ئەرێنى بۆ ئاوەدانکردنەوەى سوریا لە داهاتوودا، کار بۆ ئەوە دەکەن نزیکبوونەوەى هەرێمایەتیى زیاتریان هەبێت لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە بۆ گەشەپێدانى سوریا، سوریا پێویستى بە هاوکاریی زیاترى نێودەوڵەتییە، عێراق لەو بوارەدا هەوڵەکانى خۆی چڕدەکاتەوە و دەستپێشخەرى دەکات لە کردنەوەى باڵیۆزخانەکەى لە دیمەشق بۆ دروستکردنى پەیوەندیی زیاتر و ژمارەى کارمەندەکانیشى زیاتر دەکات.
عێراق ئامادەیە هەموو هاوکارییەکى سوریا بکات لەسەر سنوورەکانى لەبارەى رێکخستنەوە و دابینکردنى ئاسایشی هەردوو وڵات.
گوتەبێژەکەى حکومەتی عێراق راشیگەیاندووە، بەغداد پێشوازی دەکات لە هەموو ئەو گرووپ و دەستە و تاقمە سورییانەى دەیانەوێت لەبارەى داهاتووى وڵاتەکەیانەوە گفتوگۆ بکەن و بگەنە رێککەوتن، هەموو کار ئاسانییەکیان بۆ دەکەن و سوود لە ئەزموونى عێراق وەربگرن بۆ تێپەڕاندنى ئەو دۆخەى هاتووەتە پێشەوە لە وڵاتەکەیان.
عەرەب
هێرشەکانى تورکیا و ئیسرائیل لە سوریا نیگەرانى لێکەوتووەتەوە
تورکیا و ئیسرائیل لە ماوەى چەند رۆژى رابردوودا هێرشی چڕیان بۆ سەر گەنجینەى چەکە قورسەکانى سوریا دەستپێکردووە و هەردووکیشیان چوونەتە نێو قوڵاییەکانى خاکی ئەو وڵاتەوە، ئەمەش رەنگدانەوەى هەبووە لە سەر وڵاتانى عەرەبی و جیهانى و لەڕێی میدیاکانەوە نیگەرانییان دەربڕیوە.
ئیسرائیل چووەتە ئەو ناوچەیەى لە ساڵی 1973ـوە داماڵراوە لە چەک و نزیکبووەتەوە لە دیمەشق.
ئیماراتى عەرەبی بەتوندی دژى دەستگرتنى ئیسرائیلە بەسەر بەرزاییەکانى جۆلاندا و بە پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوى هێناوە، هاوکات سعودییە جەخت دەکاتەوە جۆلان زەوی سوریایە و هیچ پەیوەندییەکى بە ئیسرائیلەوە نییە، چەند وڵاتێکی دیکەش لە سەروبەندی راگەیاندنى هەڵوێستیاندان.
بەگوێرەى راپۆرتەکان، ئیسرائیل هێرشى بەرفراوانی کردووەتە سەر زۆرینەى گەنجینەى چەکە قورسەکانى سوریا، لە ترسى ئەوەى نەکەوێتە دەست گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان.
تورکیاش رایگەیاندووە، 12 ئۆتۆمبێلى بارهەڵگری گەورەیان تێکشکاندووە کە هەڵگری چەکى قورس بوون، لەگەڵ هێرشکردنە سەر گەنجینەکانى ژێردەسەڵاتى هەسەدە.
دەستور
ساڵی داهاتوو بەغداد دەبێتە پایتەختى گەشتیاریی وڵاتانى عەرەب
رێکخراوى گەشتیاریی عەرەب کۆتایی بە کۆبوونەوەى خولى 27ـەمینى خۆی هێنا و ئاشکرایکرد بۆ ساڵی 2025 بەغدادیان دیاریکردووە وەک پایتەختى گەشتیاریی وڵاتانى عەرەبی.
نوێنەرى وڵاتانى عەرەبی ئەو بڕیارەیان داوە، لەبەرئەوەى هەموو پێوەرەکانى گەشتیاری لە بەغداد بوونیان هەیە، لە ژێرخانى گەشتیاری، سەرچاوەکان، هەمەڕەنگیى چالاکی، ژینگەپارێزی، تواناى بەڕێوەبردنی خواستى گەشتیاران لەگەڵ بەرقەراریی ئاشتى و ئاسایش بۆ گەشتیاران.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، بووژاندنەوەى کەرتى گەشتیاری لە عێراق لەم ماوەیەدا گەشەى بەرچاوى بەخۆوە بینیوە و کاریگەریی گەورەشى دەبێت لەسەر هەموو سێکتەرەکانى دیکەی ئابووری و فروانکردنى ئاستى رۆشنبیری و یەکترقبوڵکردن، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتى رۆشنبیریی عێراق بریاریداوە لە سەرە
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی دەداتە ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆسەر سوریا
دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانی بۆسەر خاکی سوریا لە پارێزگای لازقیە ئەنجامدا، چەندین کەشتیی لەنگەرگرتووی ئەو ناوچەیە تێکشکان.
لە بەرامبەردا نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سوریا هۆشداری دایە ئیسرائیل کە زیانی بە دەرفەتەکانی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات لەو وڵاتەدا گەیاندووە.
تورکیاش رایگەیاندووە، ئیسرائیل دووبارە دەیەوێت بیرکردنەوەی داگیرکەرانەی خۆی نمایش بکاتەوە
گاردیەن
خەڵوەتگەکانی بەریتانیا وەک پەناگەیەک بۆ پەناخوازانی وڵاتەکە بەکاردەهێنرێن
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بەنیازە لە پلانێکی نوێیدا 800 خەڵوەتگە و بەشی ناوخۆیی خوێندکارانی وڵاتەکەی وەک شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێبوونی ئەو کەسانە بەکاربهێنێت کە داوای مافی پەنابەریی دەکەن.
هاوکات بەنیازیشە تێچووی رۆژانەیان کەمبکاتەوە، کە لە ئێستادا بەرزبووەتەوە بۆ هەشت ملیۆن پاوەن لە رۆژێکدا.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکە رایگەیاندووە لە ئێستا کارکردن لەو شوێنانەدا بۆ نۆژەنکردنەوەیان بەردەوامە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی ئەو خەرجییە زۆرەیە حکومەت لە هۆتێلەکاندا بۆ ٣٥ هەزار پەنابەر دابینی دەکات.
ئۆرشەلیم پۆست
بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ گرووپەکانی سوریا و ئیسرائیل لە پەیوەندیدان
تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بەردەوام زانیارییەکان لەبارەی دۆخی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن بە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و جەیک سولیڤان، راوێژکاری نیشتمانیی وڵاتەکەش بەنیازە ئەمشەو سەردانی ئیسرائیل بکات.
لەوباریەوە جۆن کێربی، راوێژکاری ئاسایش و پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەی ئیسرائیلەوە نییە کە کردوونیەتە سەر خاکی سوریا، بەڵام ئیسرائیل دەڵێت هێرشەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی وڵاتەکەیەتی.
هاوکات ئەمریکا دەیەوێت دڵنیا بێت لەوەی خەڵکی سوریا خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
عەرەب نیوز
فەرماندەی دەستەی تەحریر شام لێپێچینەوە لە بەرپرسانی پێشووی سوریا دەکات
ئەبو محەمەد جولانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام، بەڵێن دەدات لێپێچینەوە لەو بەرپرسە باڵایانەی حکومەتی پێشووی سوریا بکات کە بەرپرسن لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی و ئەشکەنجەدانی خەڵکی.
جۆلانی دەشڵێت، هیچ دوودڵ نابن لە ئەنجامدانی ئەوکارە و خەڵاتی هەر کەسێک دەکەن لەوبارەیەوە زانیارییان پێ بدەن لەسەر ئەو بەرپرسانەی لە تاوانی جەنگی دژی خەڵکی سوریا تێوەگلاون.
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەو وڵاتە رایگەیاند، تائێستا گرووپە چەکدارەکان لە سوریا پەیامی باشیان ناردووە بۆ گەلی سوریا و دەبێت قسەکانیان بکرێن بە کردار لە ئەمری واقیعدا.