زووم..
گرووپەکانى نزیک لە تورکیا دۆخی سوریایان قۆستووەتەوە، بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە.
تورکیاش دەست لە کوردانی رۆژاڤا ناپارێزێت، لە دوێنێوە بە هێرشی درۆنی 20 هاووڵاتیی مەدەنیی کوشتووە.
لەبارەى شەڕ و گرژییەکانەوە، زوومى رۆژاڤا گواستیەوە، لە پردى قەرەقۆزاق لە باشوورى کۆبانێ لەسەر رووبارى فورات، شەڕى قورس لە نێوان هێزەکانى هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانى نزیک تورکیا روویدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەسەدە گوتی، سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندووە، لانیکەم 100 چەکداری گرووپەکان کوژراون و دەستیان بەسەر چەندین چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازیدا گرتووە.
هەر ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادانى سەخت لە بەنداوی تشرین لە نێوان مەنبج و کۆبانێ لە نێوان هەسەدە و چەکدارەکان روویداوە، چەکدارەکان چەند جارێک هێرشیان کردووە و هەسەدە وەڵامیان داونەتەوە.
زوومی رۆژاڤا گواستیەوە، بەهۆى هێرشەکانەوە، کارەباى کۆبانێ و دەوورووبەرى پچراوە.
هەر ئەمڕۆ، تورکیا تۆپبارانی گردی مشتەنووری لە ناوەندی کۆبانێ کرد، تا ئێستا هیچ شتێک لەبارەی زیانەکانەوە نەگوتراوە.
تورکیاش بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی لە رۆژاڤای کوردستان، ئاژانسى هەواڵى هاوار بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ، فڕۆکەی بێفرۆکەوانى تورکیا بۆردومانی گوندى سەفییەى لە رۆژئاواى شارى عەین عیساى کردووە، هەشت ئەندامى خێزانێک گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان منداڵ بووە.
ئەوە یەکەم کۆمەڵکوژیی نییە تورکیا ئەنجامی بدات، دوێنێ، هەر بە درۆن بۆردومانی گوندی مەستریحەی عەین عیسای کردووە، بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستداوە، زۆرینەیان ژن و منداڵن.
ئیدارەی خۆسەر لەبارەى هێرشەکانى تورکیاوە دەڵێت، تورکیا بەردەوامە لە تاوانکارییەکانی دژی دانیشتووانی رۆژاڤا، دەیەوێت لەڕێی هەڕەشە و کۆمەڵکوژییەوە دەسەڵاتی لە ناوچەکە فراوان بکات.