زووم..
پێگەی میدیالاینی ئەمریکی باس لە گۆڕانکاری گەورە لە عێراق دەکات و لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندووە، میلیشیا عێراقییەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشی ئیسرائیل، سیستمی حوکمڕانی عێراق لەناودەچێت و سیاسییەکی نزیک لە حزبی بەعس و خزمی سەدام حسێن دەسەڵات دەگرێتە دەست.
پێگەکە دەڵێت، میلیشیا عێراقییەکان کەوتوونەتە خۆیان بە گۆڕینی بارەگای سەرەکی و شوێنی چەکەکانیان، هەروەها ئاسایش و پاراستنی سەرکردەکانیان توند کردووەتەوە.
باس لەوە کراوە لە چەند مانگی داهاتوو کاتێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەسەڵات دەگرێتە دەست، عێراقییەکان بە چاوی خۆیان کەوتنی سیستمی حوکمڕانی ئێستای عێراق دەبینن، بە تایبەت دوای فراوانبوونی جەنگی غەزە و لەونابردنی حزبوڵای لوبنان و لابردنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا.
میدیالاین باسی جەمال موستەفا سوڵتان دەکات کە دەسەڵاتی داهاتووی عێراق دەگرێتەدەست. جەمال موستەفا زاوای سەدام حسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراقە.
جەمال مستەفا کاندیدە بۆ سەرکردایەتیکردنی عێراق دوای هێرشی ئیسرائیل
بە گوتەی سەرچاوەیەک لە حزبی بەعس، “جەمال مستەفا کاندیدە بۆ سەرکردایەتیکردنی عێراق دوای هێرشی ئیسرائیل و کەوتنی رژێمی سیاسیی ئێستای عێراق.”
جەمال مستەفا ساڵی 1964 لە تکریت لەدایکبووە و هاوسەری حەلا سەدام حسێنە کە بچووکترین کچی سەدامە. جەمال مستەفا چەندین پۆستی سەربازی لە سەردەمی سەدامدا هەبووە و ئێستا لە دەوحەی قەتەر لەگەڵ هاوسەرەکەی دەژی. جەمال مستەفا لە سەردەمی بەعسدا موقەدەمی ئاسایش بووە و دوای ئەوەی بووەتە زاوای سەدام حسێن پۆستی سکرتێری دووەمی سەرۆککۆماری وەرگرتووە.
سەرچاوەکە بە میدیالاینی گوتووە، جەمال مستەفا پەیوەندی لەگەڵ چەند لایەنێکی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوایی هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ عێراق لە ئەگەری خواستی گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستای عێراق کە نزیکە لە ئێرانەوە.
ئەندامانی گروپە چەکدارەکان پارەکانیان بە بڕی زۆر لە بانکەکان رادەکێشن
هەر لە بارەی ئامادەکاری گروپە چەکدارەکان بۆ ئەگەری هێرشی ئیسرائیل، بەڕێوەبەری لقی یەکێک لە بانکەکانی عێراق بە پێگەی میدیالاینی گوتووە، ئەندامانی ئەو گروپانە پارەکانیان بە بڕی زۆر لە بانکەکان رادەکێشن دەیگۆڕن بە زێڕ یان خانوو و زەوی پێدەکڕن.
بەڕێوەبەری ئەو بانکە عێراقیە دەڵێت، گروپە چەکدارەکان ترسی ئەوەیان هەیە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پارەکانیان بلۆک بکات یان لە ئەگەری گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستای عێراق دەستی بەسەردا بگیرێت.
هاوشێوەی ئەفغانستان، دەسەڵات لە عێراق دەگۆڕێت
سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیش بە میدیالاینی گوتووە، هاوشێوەی ئەفغانستان، دەسەڵات لە عێراق دەگۆڕێت و سیستمێکی نوێی حکومڕانی دێتە ئاراوە.
دەشڵێت، لە ئەفغانستان بە هەماهەنگی تاڵیبان و ئەمریکا دەسەڵاتی وڵاتەکە گۆڕا، ئێستاش هەماهەنگی لەگەڵ حزبی بەعس هەیە بۆ ئەوەی لە فۆرمێکی نوێدا و بە شێوەیەکی قبوڵکراو لە ناوچەکە بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی عێراق.
جەختیشیکردووەتەوە لەوەی دەسەڵاتی ئێستای عێراق و ئەو گرووپە چەکدارانەی بوونەتە هەڕەشە بۆ ئیسرائیل و ناوچەکە کۆتاییان دێت، بەڵام عێراقییەکان گەڕانەوەی حزبی بەعس بۆ دەسەڵات نابینن.