زووم..
رۆژنامەی سۆزجوی تورکیا رایگەیاند، سوریا لانیکەم دەکرێتە سێ بەش و تەحریری شام بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی ئەمریکا پێدەچێت ئۆتۆنۆمی بدات بە کورد.
رۆژنامەکە دەڵێت، سوریا دابەش دەبێت بۆ ناوچەی کوردی، عەرەبی سوونی، عەرەبی عەلەوی، لە نزیک سنووری ئوردنیشەوە کۆمارێک بۆ دروزیەکان دروست دەکرێت.
لە ساڵی 2012ەوە ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە رۆژئاوای کوردستان دروستبووە کە تورکیا بە هەڕەشەی دەبینێت بۆ سەر “ئاسایشی نیشتمانی” خۆی، هەر بۆیە چەند جارێک هێرشی کردووەتەسەر و لەساڵی 2019 گرێ سپی و سەرێکانی و چەند ناوچەیەکی دیکەی داگیرکرد، ئەمە جگەلەوەی پێشتریش دەستی بەسەر عەفریندا گرتووە.
ئیدارەی خۆسەری لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە دانی پێدانەنراوە تەنها پەرلەمانی کەتەلۆنیا نەبێت، لەدوای ساڵی 2015شەوە ئەمریکا بە سەرکردایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هێزێکی دروستکرد بەناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ شەڕکردن دژی داعش. هەسەدە رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە رووخاندنی داعش و پشتگیرییەکی گەورەی سەربازیی ئەمریکای بەدەستهێنا.
رۆژنامەی سۆزجو لە درێژەی بابەتەکەیدا لەبارەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێت: یەپەگە لە رۆژهەڵاتی فورات دەمێنێتەوە، چونکە ئەمریکای لە پشتە، جگە لەوەی پاڵپشتیی ئیسرائیل و باکووری عێراقیشی هەیە، ئۆپەراسیۆنیش ئەجام بدرێت هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نابێت.
هەروەها باس لەوە کراوە، “تەحریری شام بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەمریکا، پێدەچێت ئامادە بێت ئۆتۆنۆمی بداتە یەپەگە لە رۆژهەڵاتی فورات، کەسیش ناتوانێت چیتر رێگە لەم پرسە بگرێت.”
دەستەی تەحریری شام توانی لەماوەی کەمتر لە 15 رۆژ کۆنتڕۆڵی پارێزگا گەورەکانی سوریا بکات و کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی رژێمەکەی بەشار ئەسەد بهێنێت.
لەدوای کەوتنی رژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە لە 08-12-2024، گروپە چەکدارەکانی سوریا کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات هێرشیان بۆ سەر مەنبج و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکردووە و دەیانەێت لەژێر دەستی هەسەدە دەریبهێنن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیووە کۆنتڕۆڵیان بکەن.