زووم..
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە نزیکەی 250 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی سوریا و گرنگترین پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەی بۆردومانکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سوری، لە بەیانیی رۆژی یەکشەممەوە تائێستا، ئیسرائیل نزیکەی 250 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سوریا، لە گرنگترین ئەو شوێنانەی بۆردومانی کردوون، فڕۆکەخانەکان و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و چەکی کیمیایی، ناوەندەکانی توێژینەوەی زانستی و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بوون، ئەوە جگە لە دامەزراوەکانی بەرگریی ئاسمانی و کەشتییە جەنگییەکانی بەندەری لازقییە لە باکووری رۆژئاوای سوریا.
روانگەی سوری لیستێکی بەرفراوانی لەو ئامانجانە بڵاوکردووەتەوە کە ئیسرائیل پێکاونی، دەشڵێت، هێرشکردنە سەر ئەو پێگانە لە چوارچێوەی لەنێوبردنی پاشماوەی ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانەیە کە هێزەکانی دەسەڵات دەستیان بەسەردا گرتبوون.