زووم..
ئیدارەی خۆسەر لە رۆژاڤا دەڵێت، تورکیا بەردەوامە لە تاوانکارییەکانی دژی دانیشتووانی ناوچەکانی رۆژاڤا و دەیەوێت لەڕێی هەڕەشە و کۆمەڵکوژییەوە دەسەڵاتی لە ناوچەکە فراوان بکات.
ئیدارەکە دەشڵێت، تورکیا بۆردومانی گوندی مەستریحەی رۆژاوای شاری عەین عیسای کردووە، بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستداوە، زۆرینەیان ژن و منداڵن، جگە لە برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری دیکە لە خەڵکەکەی.
ئاماژەی بەوەشداوە، تورکیا بەچڕی بۆردومانی گوندی کۆن عەفتاری باشووری رۆژئاوای شاری کۆبانێی کردووە و بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە، لەنێوان گوندی شۆران و شارۆچکەی زرکانیش درۆنی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کردووەتە ئامانج و هاووڵاتیەک گیانی لەدەستداوە و دووانی دیکەش بریندار بوون.
ئیدارەی خۆسەر راشیگەیاندووە، هێرشەکانی تورکیا هەڕەشەی مەترسیدارن لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی رۆژاڤا و خەڵکەکەیان لە بەردەم بژاردەی قورسدان بۆ مانەوە لەو دۆخەی پێیدا تێدەپەڕن.